دیلۆییت سێیەم راپۆرت لەبارەی وردبینی نەوت و غازی هەرێم بڵاودەكاتەوە

كۆمپانیای دیلۆیت، كە ئەركی وردبینیكردنی دۆسیەی نەوت و غازی پێ سپێردراوە، سێیەم راپۆرتی خۆی كە تایبەتە بە هەناردەكردن و بەكاربردن و خەرجی و داهاتەكانی نەوت بۆ سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵ بڵاودەکاتەوە.

بەگوێرەی راگەیاندراوێكی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز، كە لەماڵپەڕی فەرمی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڵاوكراوەتەوە،  لە چوارچێوەی پڕۆژەی وردبینی سەربەخۆی كەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ 13ی ئابی 2018، ڕاپۆرتی سێیەمی وردبینی و پشتڕاستكردنەوەی زانیارییەكان لەلایەن (كۆمپانیای جیهانی دیلۆیت بۆ وردبینی و ڕاوێژكاری) تایبەت بە داتا و زانیاریی نوێ دەربارەی هەناردەكردن، بەكاربردن و خەرجی و داهاتەكانی نەوت، بۆ سێ مانگی یەكەمی ساڵی 2018 (1ی كانونی دووەم تا 31ی ئاداری 2018) لە پێگەی ڕەسمیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوكرایەوە.

وەك لە ڕاگەیاندراوی پێشووی ئەنجومەنی هەرێمی لە ڕێكەوتی 1ی ئابی 2018، تایبەت بە بڵاوكردنەوەی ڕاپۆرتی دووەمی (دیلۆیت) هاتبوو، بەڵێن درابوو بە برەودان بە ڕاپۆرتەكان لەڕووی زانیارییەوە، هەر بۆیە لەم ڕاپۆرتە نوێیەدا سەرەڕای زانیاری پشتڕاستكردنەوەی داهاتەكان و خستنەڕووی تێكڕای مانگانەی نرخی فرۆشتنی یەك بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا، بەشێكی نوێ بۆ ڕاپۆرتی سێیەم زیادكراوە بە ناوی (شیكاری فرۆشتنەكان بۆ پاڵاوگەكانی نەوت و فرۆشتنەكانی ناوخۆ)، و تێكڕای نرخی فرۆشتنی یەك بەرمیل نەوتی خاو لە بازاڕی ناوخۆیی خراوەتەڕوو دوای پشتڕاستكردنەوە.

ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گازن لە راگەیاندراوەكەیدا جەختی لەوە كردۆتەوە كە  بەردەوام دەبێت لەسەر كاركردن بۆ برەودان و دەوڵەمەندكردنی ڕاپۆرتەكانی وردبینی و پێداچوونەوە بە پشتبەستن بە سەرنج و فیدباكی لایەنە پەیوەندیدارەكان، لەناویشیاندا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، حكومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی پابەندبوونی خۆی دەكاتەوە لە بەرامبەر هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان كە هەردوو گەورە كۆمپانیای جیهانی (Deloitte) و (Ernst & Young) بەردەوام دەبن لەسەر وردبینی و پێداچوونەوەی سەربەخۆ بۆ سێكتەری نەوت و گاز بە هەموو پرۆسە و بەشەكانییەوە.

ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز پێشبینی دەكات كە ڕاپۆرتی چوارەمی كۆمپانیای (دیلۆیت) سەبارەت بە ئەنجامی وردبینی و پێداچوونەوە بۆ هەناردەكردن، بەكاربردن و خەرجی و داهاتەكانی نەوت، بۆ سێ مانگی دووەمی ساڵی 2018 (1ی نیسان تا 30ی حوزەیرانی 2018) لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا بڵاوبكرێتەوە.



PM:07:26:13/08/2018