عەبادی ڕوونکردنەوە لەسەر پابەندبوون بە سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران دەدات

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، بابەتی  مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا، مامەڵە نەکردنە بە دۆلار نەک پابەندبوون بە سزاکانی ئەمریکا لەسەری.

عەبادی لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا کە پێشتر ڕۆژانی سێشەممە ئەنجامی دەدا، ئاماژەی بەوەکردووە "هەڵوێستمان جێگیرە بە ڕەتکردنەوەی هەر دەستدرێژی و دەستوەردانێک لە دەوڵەتانی هاوسێ لە ناو خاکی عێراقەوە".

سەبارەت بە هەڵوێستی عێراقیش دەربارەی سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا بەسەر ئێراندا عەبادی وتی "پابەندبوونمان لە بابەتی ئێران، بریتییە لەمامەڵە نەکردن بە دراوی دۆلارەوە، نەک پابەندبوون بە گەمارۆکانی ئەمریکاوە".

ڕۆژی ٧ی ئەم مانگە عەبادی ڕایگەیاندبوو، حکومەتەکەی خۆی تێکەڵ ناکات و هاوسۆز نییە لەگەڵ سزاکانی ئەمریکا لە دژی ئێران، بەڵام پێوەی پابەند دەبن، چونکە نایانەوێت بەرژەوەندییەکانی عێراق بکەوێتە مەترسییەوە.



PM:07:48:13/08/2018