قایمقامی سلێمانی پلانی رۆژانی جەژن رادەگەیەنێت

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٦ی ئاب قایمقامی سلێمانی پلانی رۆژانی جەژنی راگەیاند داواشی لە هاوڵاتیان کرد قوربانییەکانیان لە قەسابخانەکان سەربڕن.

ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە رۆژانی جەژنی قوربان سەرجم هێزە ئەمنییەکان لە بازاڕەکانی شاری سلێمانی  لە حاڵەتی ئامادەباشیدا دەبن، ئەوەش لەپێناو ڕوونەدانی حاڵەتی دزی و شەڕکردن و هەرکارێکی نەخوازراودا. 

وتیشی،
 لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتەکانی سلێمانی و بازرگانی سەردانی شوێنەکان دەکەن بۆ رێگریکردنی لە ساغکردنەوەی کاڵاکان لە ڕووی تەندروستی و کوالێتیەوە هەروەها دیاریکردنی نرخی شتومەکی ناوبازاڕ، هەروەها بەهۆی لیژنەکانیشەوە نرخی شتومەکەکان دابەزیووە و گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.

ئاوات محەمەد باسی لەوەشکرد، بەهۆی ئەوەی لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا هاوڵاتییان سەردانی گۆڕستانەکان دەکەن، تیمەکانی پۆلیس و ئاسایش  لەو شوێنانە لە ئامادەباشیدا دەبن بۆ رێگڕیکردن لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراو.

 قائیمقامی سڵێمانی داواشی لە هاوڵاتیان کرد، کە لە پێناو ڕێگریکردنی لە تێکدانی سیمای شاری سلێمانی قوربانیەکانیان لە ناوشاردا سەرنەبڕن بەڵکو لە قەسابخانەکاندا ئەو کارە ئەنجام بدەن.


PM:01:54:16/08/2018