" لە ٣٦% تۆماری دەنگدان لە دهۆک دووبارەو کوردی باکورو رۆژئاوای تێدایە "

بەرپرسانی ژووری هەڵبژاردنەکانی چوار حیزبە ئۆپپۆزسیۆنەکە رسوای گەورە لە تۆماری دەنگدانی پارێزگای دهۆک و پارێزگاکانی تردا ئاشکرا دەکەن.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لەلای ئەو چوار حیزبە ( گۆڕان، هاوپەیمانی، کۆمەڵ، یەکگرتوو ) لەسەر تۆماری دەنگدەران کۆکراوەتەوە، " لە پارێزگای دهۆک نزیکەی ١٠٠ سەد هەزار ناوی مردووی تیدایە. هەروەها  ٢٥٠٠٠ بیست و پێنج هەزار ناوی کوردی باکوری کوردستانی تێدایەو جنسیەی عیراقیان نییەو تەنها لەسەر بنچینەی فۆرمی خۆراک وناسنامەی باری شارستانی بۆیان دورستکراوە. زیاتر لە ۳٠٠٠٠ سی هەزار ناوی کوردی روژئاوا تیدایە. هەروەها نزیکەی ٤٠٠٠٠ چل هەزار ناوی ناوچەکانی مادەی ۱٤٠ تیدایە.  ژمارەی دەنگدەری تایبەت لە لیستی پارێزگای دهۆک ٥٠٠٠٠ پەنجا هەزارە کە لە دەنگدانی گشتیشدا دووبارەبۆتەوە. ئەمە جگە لەوەی ١٥ هەزار ناوی دووبارە لە لیستی دەنگدەراندا هەیە".

بەم پێیە بێت کۆی ئەو ناوانەی کە یاسایی نین و دەچنە بواری ساختەوە وەک ژووری هەڵبژاردنی چوار حیزبەکە ئاماژەی بۆ دەکەن رێژەی لە ٣٦% کۆی دەنگدەرانی پارێزگای دهۆک دەکات.

هەر چوار لایەنی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو بەپێی زانیارییەکانی سپی ، هەندێک کەموکوڕی تریان لە تۆماری دە نگدەرانی هەولێر و سلێمانیشدا دۆزیوەتەوە لەوانە  " لەسلێمانی ١٢٧٠٠٠سەدو بیست و حەوت هەزار ناو لەتۆماری دەنگدەران پەرتەوازە بووە ، لەهەولێر ١٢٤٠٠٠ سەدو بیست و چوار هەزار ناو لەتۆماری دەنگدەران پەرتەوازە بووە، لەدهۆك ٧٤٠٠٠ حەفتاو چوار هەزار ناو لەتۆماری دەنگدەران پەرتەوازە بووە. ( واتە ناوی دەنگدەر گواستراونەتەوە بۆ پارێزگاکانی تر ).

ژووری هەڵبژاردنی ئەم چوار حیزبە سەرکردەکانیان ئاگادار کردۆتەوە تا هەڵوێستی روون لەو بارەیەوە وەربگرن.

ئەو زانیاریە مەترسیانەی لەلای ژووری هەڵبژاردنی هەر چوار حیزب ئاشکرا دەبێت لە کاتێکدا هەمووی ٤٥ رۆژ ماوە بۆ هەڵبژاردن کە بڕیارە ٣٠ ئەیلول ئەنجام بدرێت. 




PM:09:13:16/08/2018