عەبادی داوای لە سەرۆک کۆمار کرد داوای کۆبوونەوەی پەرلەمانی نوێی عێراق بکات

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە، داوای لە سەرۆک کۆماری عێراق کرد داوای کۆبوونەوەی پەرلەمانی نوێی عێراق بکات، بۆئەوەی لە چوارچێوەی ئەو ماوە دەستورییەدا کۆبوونەوەی خۆی سازبکات.

نوسینگەی عەبادی لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ ڕایگەیاند، سەرۆک وەزیران داوای لە فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆمار کردووە داوایەک ئاراستەی لاینەکان بکات بۆئەوەی لە نزیکترین دەرفەتدا کۆبوونەوەی پەرلەمان سازبکرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک کۆمار و ڕاسپاردنی گەورەترین قەوارە بۆئەوەی حکومەتی داهاتوو پێکبهێنرێت.

لە بەیاننامەکەدا عەبادی سوپاسی گەلی عێراقی کردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن وەک مافێکی دەستوری و سوپاسی هەموو ئەو کەسانەشی کرد کە پاڵپشتی سەرخستنی هەڵبژاردنەکەیان کردووە.

هەروەها پیرۆزبایی لە ئەندامانی نوێی پەرلەمان کردووە، کە متمانەی خەڵکیان بەدەستهێناوە و داوایلێکردوون لە ئاستی بەرپرسیارێتیدابن لەبەردەم خوا و خەڵک بەوپێیەی هاووڵاتیان متمانەیان پێداون.

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا ئاماژەی بە پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان کردووە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، بەوپێیەی لە ئێستا بەدواوە دۆخەکە دەچێتە ناو ئەو ماوە زەمەنییەوە کە بەگوێرەی دەستور دیاریکراوە بۆئەوەی هەموو لایەک پێوەی پابەندبن.

ئەوە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی خولی چوارەمی پەسەندکرد و ناوی پەرلەمانتارە هەڵبژێردراوەکانی بە فەرمی ئاشکراکرد.



PM:09:22:19/08/2018