حیزبێکی کوردی بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەدات

حیزبی زەحمەتكێشانی کوردستان وەک یەکەم حیزبی کوردی بایکۆتی خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان راگەیاند.

سەعد خالید ئەندامی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی حیزبی زەحمەتكێشانی کوردستان لە لێدوانێکی بۆ سپی میدیا رایگەیاند" حیزبەکەیان بڕیاری داوە بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات کە بڕیارە ٣٠ ی ئەیلول سازبکرێت".

بەرپرسەکەی زەحمەتکێشان هۆکاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گەڕاندەوە بۆ کۆمەڵێک هۆکار لە پێش هەمووشیانەوە: ئەزموونی هەڵبژاردنەکانی پێشووی کوردستان و عێراق کە هیچ هەڵبژاردنێکیان بەبێ ساختەکاری و تەزویر بەڕێوەنەچووە، وتی " هەڵبژاردنی ١٢ ی ئایاریش دوا هەڵبژاردن کە بە ئەلکترۆنی ئەنجامدرا، کارەسات بوو، لە پێش هەموو قەوارەکانی تریشەوە هاوپەیمانی کرایە ئامانج کە حیزبی زەحمەتكێشانیش یەکێک بوو لە پێکهاتەکانی".

سەعد خالید نەیشارەدەوە کە ئەو دەنگەی کاندیدەکەی ئەوان بەدەستی هێناوە کاری ساختەکاری زۆری تێدا کراوەو ئەوان زانیاری تەواویان لایە کە دەستکاری زۆری دەنگی کاندیدەکەیان کراوە.

ئەندامەکەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی زەحمەتکێشان، یەکێک لەو هۆکارانی تری گەڕاندەوە بۆ نەبوونی دەرفەتی هاوشان و یەکسان بۆ هەموو قەوارە سیاسیەکان وەک یەک، لەرووی دارایی و میدیایەوە بەشداری هەڵبژاردن بکەن.

ئەو لەو بوارەدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە حیزبی زەحمەتکێشان چوار ساڵ زیاتریشە بچوکترین یارمەتی مادی نەکراوە، کە ئەمەش بەشێکە لە نەبوونی دەرفەتی یەکسان وەک یەک لەبەردەم قەوارەکاندا.

سەعد خالید نەیشاردەوە کە ئەوان ناوی قەوارەکەیان پێشکەشی کۆمسیۆنی کردووە، بەڵام دوای ئەوەی وەک حیزب بڕیاریان داوە بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن، ناوی قەوارەکەو کاندیدەکانیان کشاندۆتەوە.

هەروەها هۆکارێکی تری بایکۆتکردنی حیزبەکەیانی بۆ کارەکانی کۆمسیۆن گەڕاندەوە کە لە ئاستی پێویستدا نییە.

حیزبی زەحمەتکێشان لە دوا هەڵبژاردنی ١٢ ی ئایاری پەرلەمانی عێراق لەرێگای قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادوەریەوە بەشداریان کرد، کە بەرهەم ساڵح سەرکردایەتی دەکرد، سەعد خالید نەیشاردەوە کە بەرنامەی ئەوان و هاوپەیمانی بە ئێستاشەوە لێک نزیکە، بەڵام ئەمان بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردنیان داوە.

بڕیارە ٣٠ ی ئەیلول هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، چەند حیزبێک تا ئێستا بڕیاری تەواوی بەشداری کردنیان نەداوەو بە ناڕاستەوخۆ کار بۆ بایکۆتکردن دەکەن،  زەحمەتكیشان بەپێچەوانەی ئەوانە بایکۆتی راگەیاند.

 



PM:11:22:24/08/2018