چوار لایەنەكە هاوپەیمانیەتیەكی هاوبەش پێكدەهێنن

هەریەكە لە گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ و هاوپەیمانی ئەمڕۆ كۆبوونەوە و ڕێككەوتن لەسەر دروستكردنی هاوپەیمانێتییەكی هاوبەش لە بەغدا.

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ھەر چوار لایەنەكە ڕایانگەیاند، گەیشتوونەتە ڕێكەوتن لە سەر دروستكردنی ھاوپەیمانێتیەكی ھاوبەش بۆ كاری پێكەوەیی نێوانیان و ڕاگەیەندراوێكیشیان بڵاوكردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەكە:

بەیاننامەی هاوبەش

لەژێر رۆشنایی کۆبونەوەی لوتکەی هەر چوار لایەنی سیاسی، لە رۆژی (11/8/2018)، ئەمڕۆ (26/8/2018) هەر چوار لایەنی سیاسی (بزوتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی ئیسلامی، یەکگرتوی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەریی) لە شاری سلێمانی کۆبونەوە و گفتوگۆمان لەسەر کاری پێکەوەیی کرد لە نێوان هەر چوار لایەنەکە و لەسەر ئەم خاڵانە رێککەوتین:

1-دروستکردنی ئیئتیلافێک بۆ هەر چوار فراکسیۆن.

2-داڕشتنی کارنامەیەکی هاوبەش بۆ ئیئتیلافەکە کە لە خزمەتی بەرژەوەندییە گشتییەکان و بەرگریی کردن لە مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان و بە دامەزراوەیی کردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بێت،

3-ئەم ئیئتیلافە لە پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا پێداگریی لەسەر چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی و مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان دەکات، بەتایبەتی گێڕانەوەی شکۆ و ئیدارەی هاوبەش بۆ ناوچە جێناکۆکەکان و چارەسەرکردنی کێشەی بودجە و موچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و دروست کردنی ئەو دەستە و دامەزراوانەی کە گرەنتی مافەکانی خەڵکی کوردستان دەکات.

4-لەسەر ئاستی عێراقیشدا داوای پێداچونەوە بە تەواوی پرۆسەی سیاسی و ئابوریی عێراق دەکات کە لە قۆناغی تازەدا لەسەر بنەمای شەراکەت، سازان، هاوسەنگی، دەوڵەتی هاوڵاتی بون، ماف و خزمەتگوزاریی، شەفافیەت، دامەزراوەیی و سەروەریی یاسا بونیات بنرێتەوە.

 

         بزوتنەوەی گۆڕان          کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان
یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان       هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەریی

26/8/2018





PM:02:06:26/08/2018