سپی وردەکاری پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکەی چوار لایەنەکە ئاشکرا دەکات

ئەندامێکی بەشداریبووی کۆبوونەوەی پێکهێنانی هاوپەیمانێتی نێوان گۆڕان و کۆمەڵ ویەکگرتوو و هاوپەیمانی ئاشکرایدەکات کە لە ماوەی هەفتەیەکدا کۆبوونەوەی دووەمیان دەکەن و لەسەر ناوی هاوپەیمانێتییەکەشیان نەگەیشتونەتە ڕێککەوتن.

شێروان شەمێرانی،ڕاوێژکاری ئەمینداری گشتی یەکگرتوو کە هاوکات بەشداری کۆبوونەوەی نێوان چوار لایەنەکەی کردبوو لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ سپی وردەکاری پێکهێنانی هاوپەیمانێتیەکەی نێوان چوار لایەنەکەی ئاشکراکرد و ڕوونیکردەوە کە ئەوان بە یەک پاکێج دەچنە بەغدا بەڵام لەوێ فراکسیۆنەکانیان نابنە یەک و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گێڕایەوە کە کایەی سیاسیی عێراق تەنها کایەیەکی ناوخۆیی نییە بەڵکو لەسەر زیاد لە ئاستێک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و کایەیەکی بەفراوانە.

سەبارەت بە ناوی ئەو هاوپەیمانییەی کە دوێنێ (٢٦ی ئاب) ڕاگەیەندرا، ئەو بەرپرسەی هاوپەیمانی ڕوونیکردەوە کە ئەوان ناویان بۆ هاوپەیمانییەتییەکە دیارینەکردووە و بە هیوان ناوێکی سەنگین بدۆزنەوە ئەگەرچی لە کۆبوونەوەی یەکەمیاندا چەند ناوێک پێشنیاز کراوە.

شێروان شەمێرانی جەختیشی کردەوە کە پێکهێنانی حکومەتی عێراق زۆر دەخایەنێت و ڕایگەیاند "ئەگەر کۆبوونەوەی یەکەمی پەرلەمانیش بکرێت ئەوا هێشتا حکومەت پێکنایەت و دڵنیاین لەوەی پێکهێنانی حکومەت کاتی زۆری دەوێت بۆیە هێشتا کاتمان لەبەردەستدا".

سەبارەت بە بڕیاری ئەوان لە بارەی بایکۆت یاخود بەشداریکردنیان لە حکومەتی داهاتووی عێراقدا ڕوونیکردەوە کە ئەوان کۆمەڵێک داواکارییان هەیە کە خۆی دەبینێتەوە لە کۆمەڵێک بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا، گەر داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێت ئەوا بەشداری حکومەتی داهاتووی عێراق دەکەن، بەڵام گەر ئەوە نەکرێت ئەوا بەشدار نابن.

ئاشکراشیکرد کە لە کۆبوونەوەی داهاتوویاندا کارنامەیەک بۆ ئەو هاوپەیمانییەتیە دادەنێن و تێیدا مامەڵەکردن لەگەڵ سەرجەم پرسەکاندا یەکلایی دەکەنەوە.




AM:11:55:27/08/2018