سەدر داوای رێکخستنی خۆپیشاندانی گەورە لە لایەنگرانی دەکات

رێبەری ڕەوتی سەدر داوا لە لایەنگرانی دەکات، کە رۆژی ھەینی داھاتوو نوێژێکی ملیۆنی ڕێکبخەن و گەندەڵکاران بھێنێتە لەرزە.

لە راگەیەندراوێکدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە موقتەدا سەدر بڵاویکردوەتەوە ئاماژەی بەوە کردووە"باوەڕدارانی عێراق ئامادەکاری دەکەن بۆ ڕێکخستنی یەکەم نوێژی ھەینی لە مزگەوتی گەورەی کوفە لە دوای شەھیدکردنی ئەمیری باوەڕداران عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب".

سەدر داوا لە لایەنگرانی دەکات، نوێژێکی ملیۆنی ڕێکبخەن وگەندەڵکاران بھێنێتە لەرزە، بەجۆرێک ستەمکاران سەرشۆڕ  و ستەملێکراوان سەربخات.

سەدر  پێی وایە عێراق پێویستی بە ھەڵوێستێکی شەرەفمەندانەی ئاشتیخوازانەی توڕە ھەیە، کە ببێتە سەرەتایەک بۆ بونیادنانەوەی عێراق دوور لە ھەر گەندەڵی و ستەم و داگیرکارییەک. بۆ ئەو مەبەستەش داوا دەکات پێکەوە ھەڵمەتبەرن بۆ ڕزگارکردنی نیشتیمان.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا سەرد بە لایەنگرانی دەڵێت، بە بێ جیاوازی مەزهەبی  ئەمڕۆ دین و مەزھەب و عێراق لە ئەستۆی ئێوەدایە قسەی خۆتان بکەن، عێراق عێراقی ئێوەیە و نیشتیمان نیشتیمانی ئێوەیە،  خێروبێری موڵکی ئێوەیە نەک دز و گەندەڵکاران.


PM:06:22:29/08/2018