نووسینگەی رۆژنامەوانی مەلا بەختیار روونکردنەوەیەک لەسەر هەواڵێکی سپی میدیا بڵاودەکاتەوە

بەناو نیشانی "رونکردنەوە بۆ راستییەکی چەواشە کراو!" نووسینگەی رۆژنامەوانی مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، روونکردنەوە لەسەر هەواڵێکی ماڵپەڕی سپی بڵاودەکاتەوە.

لەو روونکردنەوەیەدا کە بۆ سپی نێردراوەو تایبەتە بە مەراسیمی یادی شەهید ئازاد هەورامی، نووسینگەی رۆژنامەوانی مەلا بەختیار ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن " ھەروەک ئەو بەدحاڵی بوونەی ناوی کێشەی لێنراوە، لەڕاستیدا بەھۆی قەرەباڵغی و ئاپۆرای جەماوەرەوە لەنێوان چاودێرەکان و ئەو ھەڤاڵانەدا رویدا، کەئەرکی سەرپەرشتیاریی و ئاسایشی یادەکەیان لەئەستۆ بووە، نەک ھەڤاڵانی پاسەوانی ھەڤاڵ لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی..".

دەقی روونکردنەوەکە
رونکردنەوە بۆ راستییەکی چەواشە کراو!

بەم رونکردنەوەیە،  بۆ سایتی سپی میدیا و ھەر کەناڵ و مییدیایەکی تری روندەکەینەوە، کەوا: ئیوارەی ئەمڕۆ لەشاری کەرکوکی ئازیزو لەیادی شەھیدی سەرکردە ئازاد ھەورامی، کە لەنێو ئاپۆرای جەماوەرێکی ئێجگار زۆر بەڕێوەچوو، ھەڤاڵ مەلا بەختیار، وەکو ھاوڕێ و ھاوسەنگەرێکی شەھید ئازاد، وتەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی لەماوەی (31:20) دەقەدا پێشکەشکردو بەردەوامی گوێگرتنی ئامادەبوان و لەکۆتایی وتارەکەشیدا، پێکەوە پەیمان نوێکردنەوەی ئاپۆرای جەماوەری ئامادەبوو لەگەڵ ھەڤاڵ مەلا بەختیار، بۆ رۆحی بەرز و نەمری ھەڤاڵ مام جەلال و شەھید ئازاد، وەڵامی ھەر چەواشەکارییەک دەداتەوە.
ھەروەک ئەو بەدحاڵی بوونەی ناوی کێشەی لێنراوە، لەڕاستیدا بەھۆی قەرەباڵغی و ئاپۆرای جەماوەرەوە لەنێوان چاودێرەکان و ئەو ھەڤاڵانەدا رویدا، کەئەرکی سەرپەرشتیاریی و ئاسایشی یادەکەیان لەئەستۆ بووە، نەک ھەڤاڵانی پاسەوانی ھەڤاڵ لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی..
 دروود بۆ رۆحی شەھید ئازاد ھەورامی و سەرجەم شەھیدانی کوردستان
سکرتێری رۆژنامەوانی 
دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی 
31/8/2018



PM:10:18:31/08/2018