کۆمسیۆن ڕوونکردنەوە لەسەر دابەشکردنی پارەی کارمەندانی دەدات

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو کۆمسیۆن ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ دابەشکردنی پارەی کارمەندانی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.

ڕزگار حەمە جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نەیانتوانیوە پارەی ئەو کارمەندانە دابینبکەن کە لە ڕۆژی ١٢ی ئایار لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لەسەر سندوقەکان بوون.

ئەوەشی ڕاگەیاند، کۆمسیۆن هەفتەی داهاتوو ٤ی ئەیلول ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ دابەشکردنی مووچەی ئەو کارمەندانە کە بە شێوەی گرێبەست دامەزاربوون.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی پێشتری کۆمسیۆن بەڕێوەبەری وێستگەکان ٢٥٠ هەزار دینار وەردەگرن و کارمەندانی تریش ٢٠٠ هەزار وەردەگرن.



PM:11:24:31/08/2018