کاندیدەکانی کورد بۆ پۆستی سەرۆک کۆمای عێراق: هۆشیار زێباری و فواد حسین، مەلا بەختیار، بەرهەم ساڵح، محمەد سابیر، لەتیف رەشید و فواد مەعسوم

بەپێی ئەو زانیاریانەی لەچەند سەرچاوەیەکی جیاجیاوە دەست سپی کەوتووە، هەریەک لە هۆشیار زێباری و فواد حسێن و مەلا بەختیار و بەرهەم ساڵح و محەمەد سابیر و لەتیف رەشید و فواد مەعسوم کاندیدی کوردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری ئایندەی عێراق.

سپی ڵەچەند سەرچاوەیەکی سیاسی جیاجیای نزیک پارتی و یەکێتی و حیزبەکانی ترەوە دەستی کەوتووە، هۆشیار زێباری وەزیری دەرەوەو خاڵی مەسعود بارزانی و، فواد حسین دوو کاندیدی پارتین بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، هەرچی مەلا بەختیار و بەرهەم ساڵح و فواد مەعسوم و محەمەد سابیر و لەتیف رەشید کاندیدی یەکێتی و هاوپەیمانین.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە رێگای ئەنجومەنی ناوەندەوە محەمەد سابیری کاندیدکرد، بەلآم مەکتەبی سیاسی کە خاوەنی دوا بڕیارە، هیچ بڕیارێکی لەو بارەیەوە نەداوە، هەرچی لەتیف رەشیدە خۆی لەناو هەندێک ناوەندا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە کاندیدی یەکێتی یە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، مەلا بەختیار کە بەرپرسی دەستەی کارگێڕییە و کەسە نزیکەکانی دەوری ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کێشەی نەبوونی شەهادەی چارەسەر کردووە، لای پارتی و ناوەندێکی زۆری یەکێتی نەیشاردۆتەوە کە ئارەزووی وەرگرتنی ئەو پۆستەی هەیە، هەرچی بەرهەم ساڵحە، سەرقاڵی رێککەوتنە لەگەڵ ماڵی تاڵەبانی و دەیەوێت لە ژێر پەرچەمی ئەو بنەماڵەیەو پەرچەمی کۆسرەت رەسوڵەو ئەو پۆستە وەربگرێت، بەلآم وەرگرتنی ئەو پۆستە بۆ ئەو دەبێت لە دژایەتی مەلا بەختیار و لەتیف رەشید و محەمەد سابیر و شاناز ئیبراهیم قوتاری ببێت.

وەک چاودێران بۆی دەچن، ئەگەرێکی گونجاویشە لە ئەنجامدا وەک چارەسەری مام ناوەندی نێوان پارتی و یەکێتی و نێو خودی یەکێتیش د. فواد مەعسوم بهێڵرێتەوە لە پۆستی سەرۆک کۆمار.

بەپێی دەستوری عێراق پۆستی سەرۆک کۆمار پۆستێکی تەشریفاتی کەم دەسەلآتە، بەلآم ژمارەیەک ئیمتیازاتی بەرچاوی مادی و کەسایەتی تێدایە. لەدوای ریفراندۆم کردن لەسەر دەستوری عێراق ئەو پۆستە لەلای کوردەو نەتوانراوە لەرێگای ئەو پۆستەوە هیچ پرسێکی گرنگ بۆ کورد چارەسەر بکرێت. 

 

PM:04:31:01/09/2018