هۆكاری هاتنە دەرەوەی پەرلەمانتارانی پارتی و یەكێتی لەدانیشتنی پەرلەمانی عیراق ئاشكرا دەبێت

کاتژمێرێک لەمەوبەر پەرلەمانتارانی هەردوو فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی لەهۆڵی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق هاتنە دەرەوە و "سپی" هۆکارەکەی ئاشکرادەکات.

شیروان میرزا، پەرلەمانتار فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "ئێمە بە هیچ جۆرێک دانیشتنی پەرلەمانمان جێ نەهێشتووە بەڵکو هاتنە دەرەوەمان بەهۆی ئەوەوە بوو کە ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاران ئامادە نەبوون لە هۆڵی پەرلەمان".

وتیشی "تا ئێستا هەردوو بەرەی شیعە دەڵێن کوتلەی زۆرینەین، بەڵام دیار نیە کامیان کوتلەی زۆرینەن و ڕێککەوتنی سیاسی نەکراوە و نیساب تەوەو نەبوو، بۆیە دانیشتنەکە دواخرا".

ئەمەش لە دوای ئەوە دێـت  ئەمڕۆ یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێ دەستیپێکرد و دوای وتاری سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق سەرپەرشتیکردنی دانیشتنەکە ڕادەستی بەتەمەنترین پەرلەمانتاری خولەکە کرا.

دواتریش پەرلەمانتاران بە پێی دەستور سوێندی یاساییان خوارد و لە ئێستادا دانیشتنەکە بۆ ماوەی کاتژمێرێک ھەڵگیراوە.

ئەمیر حەسەن



PM:04:09:03/09/2018