یابان: زریانی جابی زۆربەی گەشتەكانی هەڵپەسارد

دوێنێ سێشەممە، 13 كۆمپانیای فڕۆكەوانی یابانی ئاشكرایانكرد، 589 گەشتی ئاسمانیان بۆ ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوری وڵات هەڵوەشاندووەتەوە، بەهۆی نزیكبوونەوەی زریانی دەریایی "جابی" كە بەبەهێزترین زریان دادەنرێت لە 25 ساڵی رابردووی یاباندا و دەبێتە 21ـەمین زریانی لەوجۆرە كە لە ماوەی ئەم وەرزەدا لەو وڵاتە بدات

بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی هەواڵی "RT"ی روسی، كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی، هەموو گەشتەكانیان هەڵوەشاندووەتەوە لە ناوچەكانی كانسای و نێویشیاندا ئۆساكا و كوبی، هەروەها كۆمپانیاكانی هێڵی ئاسنینیش، سەرجەم گەشتەكانی شەمەندەفەری خێرایان بۆ هەردوو شاری ئۆساكا و هێرۆشیما و چەند شارێكی تر هەڵوەشاندەوە

زریانی "جابی" بەهێز، لە باشوری رۆژهەڵاتی یابانەوە نزیكدەبێتەوە و بەئاراستەی باكور دەجوڵێت، لەگەڵ بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممەدا، هەموو خاكی یابانبیش دەگرێتەوە

كەشناسی ئەو وڵاتەش دەڵێت، فشاری ناوەندی ئەو زریانە دەگاتە 945 هكتۆباسكال، خێراییەكەی دەگاتە 45 مەتر لە یەك چركەدا، هەندێكجاریش دەگاتە 60 مەتر لەیەك چركەدا.



AM:10:20:05/09/2018