یوسف محەمەد مەرجەکانیان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی و یەکێتی ئاشکرادەکات

یوسف محه‌مه‌د، سه‌رۆكی ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان مه‌رجی ئه‌وان بۆ پارتی و یه‌كێتی له‌ به‌رانبه‌ر هاوپه‌یمانی كردنیان له‌ به‌غدا ئاشکرادەکات و رایدەگەیەنێت هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌ حكومه‌تی "ئینتقالی" هه‌یه‌.

د. یوسف محەمەد، سەرۆکی دەسلەکارکێشاوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان-عيراق، هەروەها سەرۆکی لیستی هەڵبژاردنەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پەرلەمانی عيراق، لەبەشی دووەم و کۆتایی وتووێژەکەی له‌ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا باس لە چەندین تەوەر دەکات، جگە لەوەی وەڵامی ئەو تۆمەتانە دەداتەوە کە لەسەر هەمواری یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر هەروەها یاسای سڕکردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم ئاڕاستەی کران.

هەروەها دەشڵێت؛ مەرجیان بۆ پارتی و یەکێتی باشکردنی دۆخی خەڵکە، وە باشبوونی دۆخی کوردیش لە عێراق پەیوەندی هەیە بە چاککردنی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە، ئەمەش لەڕێگای قۆناغێکی گواستنەوە بە حکومەتێکی "ئینتقالی"دەکرێت نەک ئەم حکومەتەی ئێستا، هەروەها باس لەو پڕۆژەیەش دەکات کە ئامادەی کردووە بۆ چاککردنی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، دۆخی ناوچە جێناکۆکەکان، سەرجەم سێکتەرەکان لەهەرێمی کوردستان.

د. یوسف محمەد باس لەو هەڵمەتە دەکات کەلەماوەکانی ڕابردوو دوای پەسەندکردنی هەمواری یاسای تیرۆر و یاسای سڕکردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەریم کرایە سەری تۆمەتبارکرا لەبەرامبەر بەڵێنی پێدانی پۆستی جیگری سەرۆکی پەرلەمانی عیراق ئەو پڕۆژە یاسایانەی دوای کۆبونەوە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان نوسییوە. لەو ڕووانەوە د.یوسف محمەد وتی"ئێمە لەماوەی ڕابردوو ڕوبەڕووی هەڵمەتێکی ناشرین بوینەتەوە لەلایەن هەندێک پەیجی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەم لایەن و ئەو لایەن کە هەندێک لەو پەیجانە بەناوی گۆڕانەوەیە بەڵام هیچیانهی گۆڕان نین، ئەو دەزگا هەواڵگرییانە ئیدارەی دەدەن. باس لەوە دەکەن کە من لەماوەکانی ڕابردوو چووم بۆ هەولێر لەگەڵ پارتی دانیشتوم ، بەڕاستی ئەوانە هیچی ڕاست نین من لەدوای 12ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ یەکجار چومەتە هەولێر ئەویش لەدەسپێکی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمساڵی ئەنجومەنی نوێنەران بوو، وە نەچومەتە هەولێر وە دانیشتنیشم لەگەڵ پارتی نەبووە ئەگەر دانیشتنم هەبوایە یا بچمە هەولێر بەڕۆژی ڕۆشن دەچوم من کاراکتەرێکی سیاسیم و پێویستم بەخۆ شاردنەوە نیە ، باسی ئەوە دەکەن من لەگەڵ هەندێک خەڵکی ناو یەکێتی دانیشتووم بەڕاستی ئەوەش ڕاست نیە.”

‌‌هەروەها لەبارەی هەمواری یاسای تیرۆر و یاسای سڕکردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم-یش ، دکتۆر یوسف محەمەد وتی" لەدورو نزیک من ئاگاداری بەرکارکردنەوەی یاسای تیرۆر نەبووم ، چونکە هەر خۆی لەبنەڕەتدا پڕۆژەکە هی فڕاکسیۆنی گۆڕان نەبووە، وە بەپێی ئەو بەڵگانەی لەم چاوپیکەوتنە دەیخەمەڕو، تەنانەت ئەندامانی فراکسیۆنی گۆڕان ڕاپۆرتی لیژنەکانی یاسایی و ناوخۆشیان واژۆ نەکردووە لەسەر وەو پڕۆژە یاسایە و بایکۆتیان کردووە. لەناو هۆڵی پەرلەمانیش بەمەرجی ئەوەی(سیفەی استعجال) بدرێت بەهەموارکردنی یاساکە وە ئەو پڕۆژە یاسایەی کە بۆ هەمواری یاساکە پەرلەمانتارانی ئێمە و فراکسیۆنەکانی تر واژۆیان کردووە بەوە مەرجەی لەماوەی دوو هەفتەدا یاساکە هەموار بکرێت هەندێ لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی گۆڕان دەنگیان داوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەک لەپەرلەمانتارانی تری فراکسیۆنەکە هێشتا لەناو هۆڵی پەرلەمان دژی ئەو پرۆژە یاسایە دەنگیان داوە وە ئەوە وانیە کە یەک فراکسیۆن دەنگی بەیاساکە نەدابێت بەڵکو ژمارەیەک لەپەرلەمانتارانی ئێمەش دەنگیان بەیاساکە نەداوە"

وتیشی" سەبارەت بە یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم، من پڕۆژەکەم نەنوسیوە بەڵام لەنوسینی پڕۆژە یاسای سڕکردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم پرس و ڕاوێژم پێکراوە وە دواتر پڕۆژەکە بەڕێڕەوە رێکخراوەییەکەی خۆیدا تێپەڕیووە و چۆتە ناو پەرلەمان. من پێم وایە ئەم یاسایە چارەسەرێکی کاتیە تا ڕادەیەک بەتایبەت پاش ئەوەی ئێـمە نەمانتوانی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم هەموار بکەین چونکە ئێمە پێمان باش نەبوو بەو یاسایەی هەبوو سەرۆکێکی تر هەڵبژیردریتەوە نەماندەویست هەڵبژاردن بەوشێوازە بۆ سەرۆکی هەرێم بکرێت و چوار ساڵی تر بەهەمان دەسەڵاتەکانی جارانی بمێنێتەوە چونکە ئێمە کێشەمان لەگەڵ سیستمەکەدا هەیە دەمانەوێت سیستمەکە بگۆڕدرێت بەڵێ تا ڕێککەوتن لەسەر پۆستی سەرۆکی هەرێم و جێگیر کردنی سیستمی پەرلەمانی پێمان باش بوو ئەو دامەزراوەیە سڕبکرێت."

پێشتر هەریەکە لە جەعفەر ئیمنکیو فازڵ میرانی سکرتیری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لەمیانەی وتوێژەکانیاندا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا ستایشی پڕۆژە یاساکەی بزوتنەوەی گۆڕانیان کرد لەبارەی سڕکردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم و وتی"سەبارەت بەوەی ئەم پڕۆژە یاسایە پارتی بەدڵی بووە ئەمە لای من شتێکی زۆر ئاساییە، خۆزگە پڕۆژەکانی تری ئێمەشیان بەدڵ بووایە، ڕەنگە ئێستا ئەوان لەوە تێگەیشتبیتن کە ئێـمە مەبەستمان شەخسی نەبووە بەڵکو مەبەستمان سیستمەکە بووە ئێـمە شەڕە گەڕەکمان لەگەڵ پارتی نیە کە لەهیچ شتێکدا نەگەینەوە یەک ئێـمە پرۆژەیەکی سیاسیمان هەیە کێ و لەهەرکاتدا لەگەڵی بوو خۆشحاڵین. سەبارەت بەمنیش ، بەڕاستی من کەسێک نیم تاقی نەکرابێتمەوە خەڵکی کوردستان ئەو شاهێدیە دەدەن کە من بەرژەوەندی شەخسی و پۆستم بەجێهێشتووە لەپێناو پرەنسیبەکانماندا، وە یەکەم ڕۆژی کۆبونەوەی پەرلەمانیعیراقهەموو ئەو درۆیانەی دەرخست گوایە من بەتەمام پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عیراق وەرگرم ، چونکە من هەر لەوێ نەبووم وە ئەگەر من ئەو پۆستەم بوێت ئەو پۆستە لەسەر کەس تاپۆ نەکراوە و، لە بەغداشە نەک کوردستان،بۆیە لەڕێگای لایەنە عیراقیەکانەوە هەوڵم بۆ دەدا."

د.یوسف محەمەد سەبارەت بەوەی بۆچی بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردنەکانمان نەکرد؟ دەڵێت" هۆکار زۆربوون ، ئەوە بەتەنها پەیوەندی نەبوو بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە بەڵکو هۆکاری تر هەبوو کە من نامەوێت لەم کاتەدا باسی بکەم چونکە مشتومڕی زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام من بە هاوکاری چەند هاوڕێیەکی دڵسۆز، پڕۆژەیەکمان ئامادەکردووە لەسەر بنەمای ئیرادەی چاکسازیی سیاسی، ئابوری ئەمنی تەواو بۆ بەستنی هاوپەیمانی، لەگەڵ ڕیکخەری گشتی و خانەی ڕاپەراندنی بزوتنەوەی گۆڕان باسمان کردووە سەبارەت بە چۆنیەتی چارەسەرکردنی دۆخی هەرێمی کوردستان چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی ناو هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئابوری و سیاسی و ئەمنی، وە هەروەها چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد وە چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان و لە نزیک مەودا چی بکریت و لەدور مەودا چی بکرێت وە چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی عیراق لەسەر بنەمای ئەوە هاوپەیمانێتیەک دروستبکرێت، چونکە من پێم وایە دۆخی کوردستان و عێراق یەک پاکجە. ئەمە دەکرێت بکرێتە ئەڵتەرناتیڤ و چارەسەرێکی باش بۆ ئەم دۆخە پەرتەوازیەی کە هەیە.

د. یوسف ڕونیکردەوە" بەپێێ پڕۆژەکە دەکرێت هاوپەیمانییەک دروستبکرێت زیاتر لە نێوان چوار لایەنەکە، من پێم وایە زیاتر بۆ چوار لایەنەکە دەبێت بەڵام دەکرێت دەرگای هاوپەیمانێتیەکە کراوە بێت بۆ هەر هێز و ڕکخراو و کەسایەتییەکی چاکسازیخواز کە بڕوای بەوە هەبێت بەو شێوازە کارکردنە وە ئەم هاوپەیمانێتیە ئەوەندەی جەمسەربەندی کارپێکەوەکردنە ئەوەندە جەمسەربەندی حیزبی نیە ئەگەر پەسەندبکرێت لەسەر بنەمایەکی پڕۆژەی تێر و تەسەل بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."

تەوەرێکی دیکەی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لەگەڵ د.یوسف محەمەد تایبەت بوو بە بەشداریکردنی کورد لە پڕۆسەی سیاسی عێراق و بەشدریکردنیان لە گفتوگۆ و هاوپەیمانێتی نێوان لیستەکان بۆ بەشداری لە حکومەتی داهاتووی عێراق، لەو ڕووەوە وتی" بەڕاستی بەشداریکردنی کورد لەهەر جەمسەر بەندییەک لەوانەی لە عێراق هەیە دەبێت پەیوەست بێت بە چارەسەرکردنی کێشە سەرەکیەکانی هەرێمی کوردستان وەک بودجە و قوتی خەڵک و پیشمەرگە و کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان و چۆنیەتی دروستکردنی بڕیار لە حکومەتی داهاتووی عێراق وە چەندین داواکاری تری کورد ئەمە پێویستە پێوەر بێت. ئێمـە هەر لە ئێستاوە ناتوانین لەگەڵ هاوپەیمانیەک بکەوین کە نازانین چیی پێیە بۆ کورد."

هەروەها ئەوەشی وتووە" بە دڵنیایی کورد دۆخی باش نیە لە عێراق ناهاوسەنگیەکی گەورە لە تەرازوی هێز هەیە لەپەیوەندی نێوان هەولێر و بەغداد وە ئەمە بەدڵنیایی پەیوەندیدارە بەو دۆخی حکومڕانیەی کە ئێستا لەکوردستاندا دەگوزەرێت. نەبوونی شەفافیەت و ئابوریەکی باش و گەشەسەندو، بوونی گەندەڵیی زۆر. من دەزانم بەدڵنیاییەوە لایەنە عێراقیەکان نەیاری ئێمە و دۆستی ئێمەشیان تێدایە، بەڵام بە پلەی یەکەم لاوازیی کورد لە عێراقدا پەیوەندی هەیە بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەگەر ئێمە حکومڕانیەکی باش و دیموکراسیەکی تەواو "عەیارە تمام "مان هەبوایە دۆخی کورد بەم شێوە لاسەنگ نەدەبوو لە عێراق، بۆیە هەر چارەسەرکردنێکی ئەو لاسەنگیە لە عێراقدا پەیوەندی هەیە بە چارەسەرکردنی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە."

بەبڕوای د. یوسف محەمەد "پێگەی کورد لە ئایندەی عێراقدا وەستاوەتە سەر ئەوەی گفتوگۆکان چۆن دەکرێت وە پێداگری لەسەر چی دەکرێت" وتیشی" وە لە هەمووی گرنگتر وەستاوەتە سەر ئەوەی ئەو دەسەڵاتەی کە لە کوردستان هەیە چەندە چاکسازی و گۆڕانکاری دەکات لە سێکتەری ئابوری و سیاسی و ئەمنی و سەرجەم سێکتەرەکانی دیکە. ئەگەر ئەو گۆڕانکاریانە نەکات بێگومان پێگەی کورد لاوازتر دەبێت.



AM:10:36:07/09/2018