سوپای پاسدارانی ئێران ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە هێرشەکەی دوێنێ بۆسەر کۆیە
بڵاوکردووەتەوە.
سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە،
دوابەدوای هێرشەکانی چەند مانگی ڕابردووی گروپە چەکدارەکان لە خاکی هەرێمەوە بۆسەر
ناوچە سنورییەکانی ئێران و ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە لە پارێزگاکانی ورمێ و سنە و
کرماشان، سزادان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گروپانە خرایە بەرنامەی کاری سوپای
پاسدارانەوە.
ڕاشیانگەیاندووە "گوێپێنەدانی
ئەو گروپانە بە هۆشدارییەکانی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بڕیاری جددی
کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەڵکەندنی بارەگاکانیان و کۆتاییپێهێنان بە کردەوە
تێکدەرانەکانیان و دەستدرێژییەکانیان دژ بە ئێران بووەهۆی ئەوەی کە رۆژی ڕابردوو،
یەکەیەکی موشەکیی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران لە ڕێی ٧ موشەکەوە شوێنی کۆبوونەوەی
یەکێک لەو گروپانەی بە ئامانج بگرێت".
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەیدا هاتووە :"ئەو ئۆپەراسیۆنە تووند و وێرانکەرە، ئەوەی دەرخست کە منداڵانی گەلی ئێران لە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و تەواوی هێزە چەکدارەکان و رێکخراوە هەواڵگری و ئەمنییەکانی ئێران، پێداگرن بە پارێزگاریکردن لە سنوور و یەکپارچەیی خاکی کۆماری ئیسلامی ئێران و پارێزگاریکردن لە ئامانج و بنەمابەرزەکانی شۆڕشی ئیسلامی و رێگەنادەن تیرۆریستە بەکرێگیراوەکانی رێکخراوە سیخوڕییەکانی دووژمنانی بێگانە، ئاسایشی وڵات بخەنە مەترسییەوە."