سەعدی پیرە بۆ سپی: هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا دەكرێت

وتەبێژی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا دەكرێت و ئامانجی بانگهێشتی كۆبوونەوەش لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان ئاشكرادەكات.

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند دوا بڕیار لە بارەی هەڵبژاردنەوە دراوە و "بەدڵنیایی هەڵبژاردن لە ٣٠ ی ئەیلودا دەكرێت".

وتەبێژی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەبارەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی یەكێتی و پارتی و كە تیایدا داوای كۆبوونەوەی هاوبەشی سەرجەم لایەنە كوردستانیەكان كراوە ئەوەی خستەڕوو كە داواكردنی ئەو كۆبوونەوەیە بۆ یەكڕیزی لایەنە سیاسیەكانە تا بە یەكگرتووی بەشداری حكومەتی داهاتووی عێراق بكەن.

پیرە ئەوەشی ئاشكراكرد ئێوارەی ئەمڕۆ وەفدێكی یەكێتی و پارتی كە پێكهاتوون لە خودی سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەگەنە بەغدا بۆ گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت.

وتیشی "دەمانەوێت بە هەردوو ئاڕاستەی شیعە عەبادی و مالکی رابگەیەنین(كە دابەش بوون بەسەر بەرەی ئەمریكا و ئێران) کە ئێمە لەگەڵ پێكهێنانی هاوپەیمانیەكی نوێ و جیاوازی بەرفراوانین کە هێزە سەرەکییەکانی عێراق بگرێتە خۆی و لە سایەی ئەو هاوپەیمانێتیە نوێیەدا حکومەتی نوێ پێکبهێرنرێت".



PM:03:05:10/09/2018