لە هەولێر خۆپیشاندان دەستیپێكرد

دژی هێرشەكەی ئێران بۆسەر بارەگاكانی حدكا و حدك لە كۆیە و لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسیی لەلایەن حكومەتی ئەو وڵاتەوە، بەشێك لە كوردانی ڕۆژهەڵات لەبەردەم نوێنەرایەتی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لە هەولێر گردبوونەوە.

بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین دژبە هێرشەكەی چەند ڕۆژی ڕابردووی سوپای ئێران بۆسەر بارەگاكانی هەر دوو حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) و حزبی دیموكراتی كوردستان (حدك) لە كۆیە و لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسیی، ژمارەیەكی بەرچاو لە چالاكانی مەدەنی و سیاسی و پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان چوونەتە بەردەم نوێنەرایەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە شاری هەولێر و گردبوونەتەوە.

بەشداربووانی گردبوونەوەكە ڕایانگەیاند، پێویستە ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان هەڵوێستی هەبێت و چیدی بێدەنگ نەبێت لەبەرامبەر هێرشەكانی ئێران.

ئاماژەیان بەوەش كرد، داوا لە كۆمەڵی نێودەوڵەتی و ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان دەكەن، ڕێگە لە تۆپباران و هەڕەشەكانی ئێران و لەسێدارانی زیندانیانی سیاسی لەلایەن حكومەتی ئەو وڵاتەوە بگرن.

هەر ئەمڕۆش هاوڵاتیانی شارەكانی سنە و سەقز و بانە و مەریوان و شنۆ و پاوە و زۆربەی شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان مانگرتنی سەرتاسەریان ڕاگەیاندووە و دوكان و بازاڕیان نەكردووەتەوە.

ئەوەش دوای ئەوە دێت كە ناوەندی هاوكاریی حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەبەیاننامەیەكدا، داوای لە هاوڵاتیانی سەرجەم شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كرد، ئەمڕۆ چوارشەممە لە ماڵەكانیان بمێننەوە و مانگرتنی سەرتاسەری ڕابگەیەنن.

لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، بە داخستنی دوكان و بازاڕەكان هەڵوێستی  خۆتان ئاڕاستەی حكومەتی ئێران بكەن، خۆپیشاندان و ناڕەزایی ئەنجام بدەن.

بەرەبەیانی شەممەی ڕابردوو، سێ زیندانیی سیاسیی كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ڕامین حسێن پەناهی و زانیار و لوقمان مورادی لە زیندانی ڕەجایی شاری كەرەج لەسێدارەدران.

لە كاتژمیر ١٠ و ٤٥ خولەكی هەمان ڕۆژ، سوپای پاسدارانی ئێران قەڵای دیموكرات و كەمپی ئاوارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانی لە كۆیە موشەكباران كرد و بەوهۆیەشەوە ١٥ كەس كە زۆربەیان ئەندامان و كادرانی حزبی دیموكراتی كوردستان بوون، شەهید بوون و نزیكەی ٥٠ هاوڵاتی دیكەش بریندار بوون.



AM:11:11:12/09/2018