وتەبێژی یەکێتی: پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی ئێمەیە

کەمێک لەمەوبەر کۆبوونەوەی ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی له‌سلێمانی کۆتاییهات و ووتەبێژی یەکێتیش ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە ئاشکرادەکات.

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە  ڕایگەیاند: سەرجەم ئۆرگانەكانی یەكێتی پشتیوانی لیستی یەكێتی دەكەن بەپێی ئەو بەرنامەیەی لەلایەن سەرۆكی لیستەوە دیاریدەكرێت.

وتیشی " بەبێ یەكێتیی، ئەمنیەتی هەرێم لەمەترسیدا دەبێت، یەكێتییەكی بەهێز دەتوانێت لەڕووی نیشتمانی و دیموكراسی و ئازادییەوە، بەرگری لەچوارچێوەیەكی بەفراوان بكات، داواش لەكادرو ماڵە شەهیدو پێشمەرگەو كەمئەندامی سەنگەر دەكەین، خۆیان ئامادە بكەن و بچنە سندوقەكانی دەنگدان، چونكە وەك ئەوەی تێبینیكراوە لەدەنگدانی رابردوو خەڵك بەكەمی بەشداریكرد، بەهێزبوونی یەكێتیش بەمانای گەیشتنی خەڵكی كوردستانە بەمافە رەواكانیان".

ئەوەشی خستەڕوو، لەكۆبونەوەكەی ئەمڕۆ "باسمان لەمەسەلەی كەركوك كرد كە ئەو بابەتە بنەڕەتییەو قابیلی گفتوگۆكردن نییە، چونكە جەماوەری خۆراگری كەركوك توانیان شەش كورسی بۆ كورد مسۆگەر بكەن و كوردستانییەتی كەركوك بسەلمێننەوە، پارێزگاریش دەبێ كوردو یەكێتی بێت".

ئاماژەی بەتەوەرێكی تری كۆبونەوەكەش كردو وتی " لەڕابردوودا سەردانی بەغدامان كرد، پێشنیازكرا چاوێك بەهاوپەیمانێتیەكان بخشێندرێتەوە، چونكە حكومەتێكی نوێی فیدراڵی، بەبێ رەوتی سەدر مومكین نییە و بەهەمانشێوەش بەبێ هاوپەیمانێتی فەتح سەركەوتوو نابێت".

سەبارەت بەپۆستەكانی كوردیش لەبەغدا، سەعدی پیرە ئاشكرایكرد: لەنێوان مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی دوو لیژنە بۆ كەركوك و دیاریكردنی پۆستەكانی بەغدا پێكهێندران، جگە لەوەش ئێمە پرۆژەمان داوەتە بەرپرسانی بەغدا كە ناوچە دابڕێندراوەكان میحوەری پرۆژەكەن.

لەبارەی ۆستی سەرۆک کۆمارەوە وتی " پۆستی سەرۆك كۆمار ئیستحقاقی یەكێتییە، بەگوێرەی ڕێكەوتنیشمان لەگەڵ پارتی، پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ ئەو حزبەیەو سەرۆك كۆماریش بۆ ئێمە، راستە ئێستا سەرۆكی هەرێم نەماوە، بەڵام دەسەڵاتەكانی ماون و دراونەتە سەرۆكی حكومەت و وەزارەتی ناوخۆو پێشمەرگە، كە لەلای برادەرانی پارتین".

لەبارەی دیاریكردنی كاندیدی یەكێتیش، ئەوەیخستەڕوو، مەكتەبی سیاسی پێداچوونەوە دەكات بەو كەسانەی خۆیان كاندید كردوەو لەداهاتویەكی نزیكیشدا لەگەڵ پارتی گفتوگۆ دەكرێت، یەكێتی ئەندامێكی خۆی دیاریدەكات بۆ ئەو پۆستە، كاندیدیشمان بۆ پارێزگاری كەركوك هەیەو لەكاتی خۆیدا ئاشكرادەكرێت".



PM:03:45:13/09/2018