چارەنوسی بەرهەم ساڵح دیاری کرا
ڕووداو: تەنها ئەم دووکەسە کاندیدی یەکێتین بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار

کۆبوونەوەی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدێک له‌و پێنج که‌سه‌ی بۆ پۆستی سه‌رۆککۆمار خۆیان هەڵبژاردووە کۆتاییهات و تەنها مەلا بەختیار و لەتیف ڕەشید وەک کاندیدی یەکێتی ماونەتەوە و بەرهەم ساڵحیش بەهۆی نەگەڕانەوەی بۆ ناو یەکێتی دوورخرایەوە.

ماڵپەڕی ڕووداو بڵاویکردووەتەوە " کۆبوونەوەی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی بۆ دەستنیشانکردنی بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کۆتاییهات، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، دوو بەبژێر هەن، مەلا بەختیار و لەتیف رەشید، ئەوەی لە کۆبوونەوەکە پشتیوانی لە لەتیف رەشید کردووە، بنەماڵەی مام جەلالن، ئەوەش دوای ئەوەی نەیانتوانی بڕوا بە بەرهەم ساڵح بکەن بگەڕێتەوە نێو ریزەکانی یەکێتی و لە پۆستی جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتی دەستبەکار ببێتەوە، تاوەکو ئەمڕۆ بیکەن بە بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆمار."

هەر لە هەواڵەکەی ئەو میدیایەدا هاتووە "دوای ئەوەی دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح بە گەڕانەوە رازی نەبوو، ئەوانیش دەستبەردای ئەو بابەتە بوون، بۆیە ماوەتەوە سەر کاندیدێکی دیکەیان کە لەتیف رەشیدە، کە هاوژینی شاناز ئیبراهیم ئەحمەدە، لە بەرامبەریشدا مەلا بەختیار کە لەلایەن بەشێک لە سەرکردایەتی یەکێتی پشتگیری لێدەکرێت بۆ ئەوەی ببێت بە بەربژێری یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار".

ڕوونیشی کردووەتەوە" یەکلابوونەوەی ئەو دوو بەربژێرەش دەمێنێتەوە سەر کۆبوونەوەی باڵای نێوان پارتی و یەکێتی کە بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 16-9-2018 ئەنجامبدرێت، یان بە تەلەفۆن ئەو پرسە یەکلا بکرێتەوە و رای پارتیش وەربگیرێت"

.



PM:02:31:16/09/2018