نەجمەدین كەریم: پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ پارتی دەبێت

پارێزگاری لەكارلابراوی كەركووك باسی دۆخی شاری كەركوك دەكات و ڕاشیگەیاندووە "پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ پارتی دەبێت".

نەجمەدین كەریم، پارێزگاری لەكارلابراوی كەركووك و ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، بە ماڵپەڕی "باسنیوز"ی سەر بە پارتی ڕاگەیاندووە "لە ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە تا ئێستا، ڕۆژ بە ڕۆژ باری سیاسی و ژیانی خەڵك لە كەركووك بەرەو خراپتر ڕۆشتووە، تەنانەت ئەو كەسانەی ھۆی ڕووداوی ١٦ی ئۆكتۆبەر بوون، لەناو كوردستان دان بەوەدا دەنێن كە دۆخی كەركووك خراپە، ھەرچەندە خۆیان دەستیان لەو كارە خراپە ھەبووە".

 باسیشی لەوە كرد كە یەكێك لە پەرلەمانتارە تازەكانی كەركووكی بینیوە، نامەی بۆ سەرۆكی پەرلەمان نووسیوە و تێیدا باسی لەو كارە "نادەستووری و نایاساییانە" كردووە كە پارێزگاری ناشەرعیی كەركووك ئەنجامی دەدات و دەڵێت بەڵام ”لەڕاستیدا ھۆكاری سەرەكی خودی خۆیان بوون، ھۆی ئەوەی كە پارێزگاری شەرعیی كەركووك لە شارەكە نەمێنێت و پارێزگارێكی دیكە بەوەكالەت دابنرێت كە ئەم ھەموو كارانە دەكرێ، هەر ئەوان بوون".

لەبارەی ئەگەری وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لەلایەن یەكێتی و كاندیدەكانی یەكێتییەوە بۆ ئەو پۆستە، نەجمەدین كەریم دەڵێت ”من بڕوای تەواوم ھەیە ئەمجارە سەرۆك كۆماری عێراق بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێت".

 




PM:12:53:18/09/2018