وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵوێزی وڵاتەکەی لە ئێران دەگۆڕێت

وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڕیار دەدات باڵوێزی وڵاتەکەی لە تاران، راجح موسەوی بانگ بکاتەوە بۆ عێراق و بیگۆڕێت.

 ئەحمەد مەحجوب وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە تاران بەهۆی هەڵسوكەوتی نابەرپرسانە هەمبەر بە هاوڵاتیانی عێراقی، بانگهێشتی بەغدا كراوەتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕاشیگەیاند " وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە داخەوەیە بۆ ئەو جۆرە كردارانەی باڵیۆزی عێراق لە تاران لەگەڵ هاوڵاتیانی وڵاتەكەی و بەو پێیە (ئیبراهیم جەعفەری) وەزیری دەرەوەی عێراق بە پەلە ناوبراوی بانگهێشتی ئەو وڵاتە كردووە".

ئەو بەرپرسە عێراقییە ئاشکرای کرد لێكۆڵینەوەی پێویست و تەواو هەنگاونانی یاسایی لەبارەی هەڵسوكەوتی باڵیۆزی عێراق لە ئێران گیراوەتە بەر.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق وتیشی " باڵیۆزی عێراق لە تارانیش دەبوو وەك ناوەندە دیپلۆماسییەكانی دیكە لە خزمەتی هاوڵاتیانی عێراقیدا بێت".

شایانی باسە، ڕاجح موسەوی باڵیۆزی عێراق لە تاران پاش هەڵسوكەوتی نەشیاوی لەگەڵ كۆمەڵێك هاوڵاتی عێراقی، كەوتە بەر شاڵاوی ڕەخنەگرتن لەلایەن هاوڵاتیانی عێراقییەوە.



PM:06:53:21/09/2018