بارزانی بۆ پارتییەکانی سلێمانی: هاتووین لە ئێوەوە فێری خۆڕاگری ببین


 پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ مەسعود بارزانی گەیشتە سلێمانی و وتارێکی پێشکەش کرد و پەیامێکی پاڕاستەی پارتیەکانی سلێمانی کرد.


 بارزانی لە میانی وتارەکەیدا لە بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەکەی لە شاری سلێمانی، ئەوەی ڕاگەیاند کە "دەبێت لە هەموو شوێنەکانی کوردستاندا قۆرخکاری کۆتایی پێ بهێندرێت و ”مەعلوومە لە کوێدا قۆرخکاری هەیە". جەختیشی لەوە کردەوە کە پارتییەکانی شاری سلێمانی لە سەردەمی زەعیم سدیقەوە ڕووبەڕووی بێبەشکردن و کۆمەڵێک کێشەی گەورە کراونەتەوە.


 وتی "ئێوە نموونەی خۆڕاگرین و هاتووین لە ئێوەوە فێری خۆڕاگری ببین" وتیشی "چەند ڕۆژێکمان ماوە بۆ هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز هەڵبژاردنێک کە ئەگەر خوا فورسەتی دا و پارتی سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا، گۆڕانکارییەکی گەورە و چاکسازییەکی گەورەش دەکات. بۆیە لە ٣٠ی ئەیلوول وەک هەمیشە ڕۆڵی خۆتان ببینن و ئەو دەرفەتە بۆ خۆتان و بۆ پارتەکەتان بڕەخسێنن".


هەروەها وتی: ئێمە دەمانەوێ دەوڵەتی یاسا دابمەزرێ و هاووڵاتییان یەکسان بن و هەموویان بە مافەکانیان شاد بن و میزاجی شەخس تەحەکوم بە چارەنووسیان نەکات. مەحاڵە قەبوڵ بکرێ جارێکیتر تەعەدا لە پارتی و مەقەراتی پارتی و خەڵکی هەژاری پارتی بکرێ لەم دەڤەرە.



PM:04:05:23/09/2018