بەڕێوەبەری ڕووداو: ویستیان بەرهەم ساڵح وەک شێت و شەیدای پۆستی سەرۆک کۆمار وێنا بکەن

ئاکۆ محەمەد، نوسەر و ڕۆژنامەنوسی دیاری کوردستان لە وتارێکیدا دەڵێت شێوازی گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح زیاتر لەوەی لە ڕێککەوتن دەچێت وەک سەپاندن و پلانگێڕی دەرکەوت، ڕێبوار کەریم وەلیش کە ڕۆژنامەنوسێکی دیاری پارتییە دەڵێت یەكێك لەو ئەسبابانەی كە پارتی بەو شێوەیە گیری بە بەرهەم ساڵح داوە و كردوویەتی بە هێڵی سوور، پشتیوانیی لاهوری جەنگییە لەو پیاوە كە لای پارتی هێڵی سوورە.


ئاکۆ محەمەد، بەڕێوەبەری تۆڕی میدیایی ڕووداو لە وتارێکیدا نوسیویەتی "د.بەرهەم ساڵح متمانەیەكی شكاند كە دەبووایە بەهیچ نرخ و شێوەیەك ئەو متمانەیە لەلای لایەنگرانی لەنێو یەكێتی و خەڵكی كوردستان و لەلای سەركردایەتی پارتی نەیشكێنێت ، چونكە ئەوە سەرمایەیەكی زۆر گەورەبوو بۆ گەورەبوونێكی سیاسی زۆر سەرنجڕاكێشی ئایندەیی بۆ ئەو . بەڵام شێوەو بازنەی رێككەوتنەكەی بۆ دیاریكرانی وەك بەربژێری سەرۆكایەتی كۆمار لەلایەن یەكێتییەوە ، زیاتر لەوەی لە رێككەوتن بچێت وەك سەپاندن و پیلانگێڕی دەركەوت "

هەروەها نوسیویەتی "بەرهەم ساڵح ، وای لێهاتبوو بەبێ ئەوەی پرسیار لە شوێن و بەرپرسیارێتییەكەی بكرێت ، وەك كەسایەتییەكی سیاسی كوردستان جێگەی رێزبوو ، لەبەرئەوەش خەڵكی كوردستان و سەركردایەتی پارتیش كە قسەی یەكەم دەكات لە باشووری كوردستان ، كەسایەتی ئەویان وەك خاوەنی دوو كورسی تەماشا نەدەكرد . بەڵام لەنێو یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا ئەو كەسانە هەبوون كە دەیانویست بەرهەم ساڵح لە گفتوگۆیەكی نهێنی و شەخسی و سەفقەییدا ، وەك خاوەنی تەنیا دوو كورسی و وەك شێت و شەیدای پۆستی سەرۆككۆماری وێنا بكەن و بەوشێوەیە بیگێڕنەوە ناو ئەو یەكێتییەی ئەوان لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا دەیانەوێت ".

ئەو ڕۆژنامەنوسە دیارەی پارتی دەشڵێت "ئەگەر بەرهەم ساڵح لە جێگەی كاك مەسعوود و سەركردایەتی پارتی بووایە هەمان ئەو هەڵوێستەی ئێستای پارتی دەبوو. بەرهەم ساڵح كە بەئاشكرا بە هاودیدەكانی خۆی دەگوت ئەو لەبەر شێوەی بەڕێوەبردنی ئەوانە یەكێتی بەجیهێشتووە كە ئامادەبوون خیانەتی 16ی ئوكتۆبەر بكەن ، ئێستا چووە لەگەڵ ئەوان رێككەوتنێكی شەخسی و شاراوەی كردووە . 16ی ئوكتۆبەر بەلای پارتییەوە خەنجەر لەپشتەوە لێدانی كوردستان و پارتی بوو ، رێككەوتنی بەرهەم ساڵح لەگەڵ ئەواندا و لە چوارچێوەیەكی نهێنی و شاراوە لە سەركردایەتی یەكێتی و تەنانەت لە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، زۆر جێگەی گومانێكی گەورەیە ، كە بەهیچ شێوەیەك چاوەڕوانی پارتی بەوشێوەیە نەبووە لە بەرهەم ساڵح . لەبەر تەرەفی گفتوگۆ و رێككەوتنەكەی . ئەگەر گفتوگۆكانی لەگەڵ كۆسرەت رەسولی جێگری یەكەمی سكرتێری یەكێتی بووایە و ئەو ئەندازیاری رێككەوتنەكە بووایە ، هەڵوێستەكەی پارتی زۆر جیاوازتر دەبوو . بەڵام ئێستا رێككەوتنەكە وەك سەفقەیەكی شەخسی و بازنەیی بچووك و دارایی دەبینرێت ، كە چاوەڕوانی پێدا تێپەڕینی هەموو پیلانێكی دیكەی تێدا دەكرێت لە ئایندەدا "

ڕوونیشی کردووەتەوە "بەرهەم ساڵح خۆی باش دەزانێت ، ئەو گەڕانەوەیە بە رێككەوتن لەگەڵ كەسی یەكەمی فەرمی كۆسرەت رەسوڵ و ئۆرگانی یەكەمی یەكێتی ،مەكتەبی سیاسی ، نەبووە . بەرپرسی دەستەی كارگێڕی (كە كۆبوونەوەكەی بەجێهیشت ) و هێرۆخان (كە هەر نەچووە كۆبوونەوەكە) و 16 ئەندامی سەركردایەتیش كە رێككەوتنە نەنووسراوەكەیان وەك فەرمان برایە بەردەم لە كۆبوونەوەی سەركردایەتیدا ، سەرەڕای هەموو گوشارەكان ، دەنگیان بۆ نەدا . بەوشێوەیەش چۆن هەموو سەركردایەتی یەكێتی لەو رێككەوتنە هیچ لەبارەوە نەگوتراوە دڵنیا دەبێت ؟ ئایا بەیاننامەی ناوەندی بڕیار كە بەرهەم ساڵح خۆی نووسەری بوو ، لەدژی ئەوانە نەبوو كە ئێستا بە شاراوەیی لەگەڵیان رێككەوتووە ؟ چ گۆڕاوە ؟ ئایا ئەویش بەشداربووە لەگەڵیان لە 16ی ئوكتۆبەردا كە ئێستا ئاسان بەوشێوەیە پێكەوە بەشاراوەیی لە جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی و سەركردایەتی یەكێتی، پێكەوە رێكدەكەون ؟ ، من باوەڕناكەم بەرهەم ساڵح دەستی لە 16ی ئوكتۆبەردا هەبێت ، بەڵام رێككەوتنەكەی بەوشێوەیە زۆر گوماناوییە ".

هەروەها ڕێبوار کەریم وەلی کە پێشتر بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنی ڕووداو بووە و یەکێکە لە نوسەر و ڕۆژنامەنوسە دیارەکان هەر لە ڕۆژنامەی ئەمڕۆی ڕووداودا نوسیویەتی یەكێك لەو ئەسبابانەی كە پارتی بەو شێوەیە گیری بە بەرهەم ساڵح داوە و كردوویەتی بە هێڵی سوور، پشتیوانیی لاهوری جەنگییە لەو پیاوە كە لای پارتی هێڵی سوورە. جیا لەوەش یەكەمجارە جووت خوشكەكە (هێرۆ و شاناز) لەگەڵ پارتیدا یەك هەڵوێستیان هەیە و تەنانەت لە داخی بەرهەم ساڵح حەز دەكەن ئەو پۆستە بەر پارتی بكەوێت! لاهور وا خۆی نیشان دەدات كە فراكسیۆنەكەی یەكێتی لە بەغدا هەموویان سەر بە ئەون، بەڵام هێرۆ برایم ئەحمەد بە راشكاوی بە پارتیی راگەیاندووە كە بەرهەم ساڵح كاندیدی ئەوان نییە و تەنانەت لەتیفی جەمالی خەزێنەش (دكتۆر لەتیف رەشید) نەكشاوەتەوە. بۆیە 18 دەنگەكەی یەكێتیش لە بەغدا سەد لە سەد بۆ دكتۆر بەرهەم مسۆگەر نین.




PM:02:58:24/09/2018