پرۆژەی هێڵی گەرم بۆ بەهاناوەچوون و هاوکاریکردنی ژنان و خێزان دادەنرێت

‌فۆتۆ: دەنگی ئەمریکا
پڕۆکەی هێلی گەرم کە ژمارەکەی 119یە، بۆ ژنان و ئافرەتانی هەرێمی کوردستان تەرخانکەاوە، کە دەتوانن بۆ هەر کێشە و گرفت و پێشێلکاریەک پەیوەندی بە ئەفسەر و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان بکەن.

ئەمەل عەبدولڵا بەڕیوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند، "ئەم هێلە گەرمە خزمەتێکی گەورە بە ژنان و خێزان دەکات، کەلە رێگای سەرجەم کۆمپانیاکانی مۆبایلەوە دەتوانرێت پەیوەندی بەو هێلە گەرمەوە بکرێت، خزمەتگوزاری دەرونی و یاساییان پێشکەش دەکرێت و ئەوانەی کە هەڕەشەیان لێ دەکرێت لە رێگای یاساییەوە کێشەکانیان بۆ چارەسەر دەکرێت".

هاوکات ئەو ئەفسەرە ژنەی وەڵامی پەیوەندیەکانی ئەو ژن و خێزانانە دەداتەوە، کەڕووبەرووی کێشەو گرفت دەبن، باس لە چۆنیەتی هاوکاریکردن و بەهاناوەچوونی ژنان دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، "ئەو ئافرەتانەی تووشی هەڕەشەو کێشە هاتوون بۆ نموونە ژنی وا هەیە وەکو سکاڵا پەیوەندی دەکات و ژنی واش هەیە ڕێنوێنی پێویستە بۆ ئەوەی تووشی جیابوونەوە نەبێت یان ئەگەر بیەوێ سکاڵا بکات و مادە یاساییەکان نەزانێت ئەوکات ئەوان ڕێنوێنی سەرەتایی دەکەن و ڕەوانەی ئەو نوسینگەیە دەکەن کە لێی نزیکە، هەروەها ئەوان تەنها ڕێ و شوێنیان پێشان دەدەن نەک پێی دەڵێن دەبێت وا بکەیت".

پرۆژەی هێلی گەرم بە هاوکاری رێکخراوی UNFPA دانراوە ، لە هەموو شار و شارۆچکە و ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانەوە ژنان و ئافرەتان دەتوانن پەیوەندی بێ بەرامبەر بە ژمارە ( 119 ) ەوە بکەن بۆ بەهاناوەچوون و هاوکاریکردنیان ، کاربەدەستانی پڕۆژەکە دەڵێن لە لایەن تیمێکی شارەزا و خاوەن ئەزمونەوە ڕاهێنان بە ئەفسەر و کارمەندانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان کراوە تا ڕۆژانە بۆ ماوەی 24 کاتژمێر وڵامی پەیوەندی هەموو ئەو ژن و ئافرەتانە بدەنەوە کە ڕووبەرووی کێشە و گرفت هاتوون و هاوکاریان پێویستە.

ئامارەکانی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە ماوەی شەش مانگی ساڵی 2018 لە هەرێمی کوردستان بەم شێوەیەیە ، 66 ئافرەت کوژراون و خویان کوشتووە و 142ی تریش سوتاون و خویان سوتاندووە و و58 ژنی تریش دەستدرێژیان کراوەتە سەری ، چوار هەزار و  213 ژنیش سکاڵایان تۆمارکردووە بەرامبەر ئەو پێشێلکاریانەی کە ڕووبەروویان هاتووە.


PM:09:13:27/09/2018