سپی زانیاری لەسەر چۆنێتی دەرچوونی رێنوماییەکانی ئەمشەوی کۆمسیۆن بلآودەکاتەوە

ئەمشەو کۆمسیۆنی بالآی هەڵبژاردن و راپرسی ڕێنوماییەکی حەوت خاڵی دەرکرد، ئەوە دوای ئەوە دێت کە بە دوور لە میدیاکان، پارتی و یەکێتی یەکتر تۆمەتبار دەکەن کە بەدەیان هەزار رەگەزنامەی ساختەیان چاپکردووە.

پارتی و یەکێتی بە نهێنی یەکتر تۆمەتبار دەکەن کە بە دەیان هەزار رەگەزنامەیان ساختەکردووە تا رۆژی ٣٠ ی ئەیلول لەرێگای کادیرەکانیانەوە دەنگی زیادەی پێبدەن، بەلآم لایەنەکانی تر ئەم زانیاریانەیان چنگ دەکەوێت و کاردەکەن لەسەر ئاستی کۆمسیۆن بگەنە هەڵوێستێک، لە ئەنجامدا ئەو حەوت خاڵەیان دەکرد کە گرنگترینیان دەبێت لەگەڵ رەگەزنامەدا هاولآتی پێناسی باری کەسێتیشی پێبێت، هەروەها ئەنجامی هەڵبژاردن دەبێت بە دوو لەسەر سێ ئەندامانی کۆمسیۆنی بالآ پەسەند بکرێت. 

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، ئەو رێنوماییانە لەلایەن نوێنەرەکانی گۆڕان لە کۆمسیۆنەوە پێشنیار کراوەو دەمودەست یەکگرتوو و کۆمەلێش پشتگیریان کردووەو دواتر پارتیش هاتۆتە پاڵیان، بەلآم یەکێتی لە گەڵیدا نەبووە.

دوای راگەیاندنی رێنوماییەکان لەلایەن کۆمسیۆنەوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا، میدیاکانی یەکێتی دەستیان بە رەخنەگرتن و رەتکردنەوەی رێنومانییەکان کردو بە نایاسایی ناوزەدیان کرد.
 

AM:12:35:30/09/2018