بەھادین نوری سکاڵای یاسایی لەسەر کۆمسیۆن تۆماردەکات

کەریم ئەحمەد سکرتێری پێشووتری حیزبی شیوعی ناوی لە تۆمارى دەنگدادا سڕاوەتەوە و سەربارى هەوڵەکانى بۆ بەکارهێنانى مافی دەنگدانی، رێگریى لێکرا دەنگ بدات.

کەریم ئەحمەد لە دایکبووی ساڵی ١٩٢٢ى کۆیە و تەمەنی ٩٦ ساڵە و کاتێک لە هەولێر سەردانى بنکەى دەنگدانی کردووە بۆ ئەوەى دەنگ بدات، پێى راگەیاندراوە ناوەکەى لە تۆمارى دەنگداندا سڕاوەتەوە.

کەریم ئەحمەد سکرتێری پێشووترى حیزبی شیوعی و یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانى کوردستان و عێراق.

هەر ئەمڕۆ بەهائەدین نوری کەسایەتى و نووسەر و سکرتێری پێشووی حیزبی شیوعی بەهۆى سڕینەوەى ناوەکەى لە تۆمارى دەنگداندا رێگەى پێنەدرا مافی دەنگدان لەکار بهێنێت.

پاساوی سڕینەوەى ناوى ئەو کەسانە لە تۆمارى دەنگدا بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە، کە تەمەنیان لەسەرو ٩٠ ساڵەوەیە.

دەقی نوسینەکەی بەهادین نوری:

کۆمسیۆن مافی دەنگدانی لە من زەوتکردووە !
بەیانی ئەمڕۆ ٣٠ / ٩ / ٢٠١٨ چووم بۆ قوتابخانەی ئامادەیی سلیمانی کچان بەمەبەستی دەنگدان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمدا. پاش گەڕانێکی زۆر لە بینایەکی ٣ نهۆمیدا ئاگادار کرام کە ناوی من سڕکراوە چونکە لە دایکبووی ١٩٢٧م . واتە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن ، واتە حکومەتی هەرێم کەئەم هەڵبژاردنەی ساز کردووە، مافی دەنگدانی لەمن زەوتکردووە کە مافێکی یاسایی و ئاسایی خۆمە ، بێ ئەوەی کەسێک لێم بپرسێ ئایا دەتوانم بەشداری بکەم لە دەنگداندا یان نە . بۆ ئاگاداری تائێستە لەهەموو هەڵبژاردنەکانی پیشوودا دەنگم داوە . ئەگەر نەشتوانم بچم ئەوە خۆم ناچم . 
من پیاوێکی سیاسی و نووسەرم کەئەمەم بەرامبەر کراوە . دەبێ چەند هەزار دەنگ لە لیستی دەنگدەراندا سڕکرابێ بە بیانوی پیریەوە ! دیارە دەسەڵاتداران پێویستیان بەم سڕکردنە بووە بۆ ئەوەی کۆمەڵێ ناوی ساختە بخەنە نێولیستەکەو سەرنجی کەسیش ڕانەکێشێ . وەئەگەرنا بۆچی دەنگی هاوڵاتی زیندوو سڕ دەکەن و لیستی مردووەکان دەمێنێتەوە ؟ ئاوەها لیستی دەنگدەرانیان پاککردۆتەوە ! ئەمەش شێوەیەکی زەقە لە شێوەکانی تەزویری هەڵبژاردن ! 
بۆ ئاگاداری کۆمیسیۆنی باڵا لە کادری حیزبەکانەو ئەوی دەسەڵاتی سەرپەرشتی هەڵبژاردن دەکات خودی ئەوانەن کە ٢٧ ساڵە خۆیان سەپاندوە بەسەر ئەم هەرێمەدا ، نەک حکومەتێکی تەکنۆکراتی بێلایەنی کاتی بۆ سەرپەرشتی هەڵبژاردن . سجیلاتی نفوس هەموو لەژێر دەستی حکومڕاناندان و بەئارەزوی خۆیانە کێی تێبخەن و کێ لابەن !
من داوا لە دەزگای ڕاگەیاندنی ئۆپۆزسیۆن دەکەم کە ئەم کار و کردارە دوور لە یاسایەی کۆمسیۆن و دەسەلاتداران بڵاوبکەنەوە ئیحتیفاز بەمافی خۆیشمەوەدەکەم کە سکاڵای یاسایی لەسەر خەتاباران تۆماربکەم . 
هاوڵاتی عێراق- هەرێم -سلێمانی 
بەهادین نوری باباعلى 
٣٠/٩/٢٠١٨



PM:01:56:30/09/2018