پەیامێکی توند لە پارتییەوە بۆ یەکێتی

پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند ئەوەی جێی سەرسوڕمان و هەڵوەستەی ئێمەیە، لێدوانی هیستریایی و ناوەخت و نامەسئولانەی وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی بوو.

مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند بۆیە ئەوەی جێی سەرسوڕمان و هەڵوەستەی ئێمەیە، لێدوانی هیستریایی و ناوەخت و نامەسئولانەی وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی بوو، کە زۆر شپرزانە و بەرلەوەی هیچ ئەنجامێکی سەرەتاییش بەدەرکەوتبێ، کەوتە هەڵوێست وەرگرتن و سەنگەرگرتن لە کۆی پرۆسەکە و تۆمەتبارکردنی بێ بنەما و شەڕفرۆشتن بە پرۆسەکە لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک.

ئەمەش دەقی ڕاگەیەندراوەکەیە

ئەمڕۆ خۆشبەختانە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە هیممەتی دڵسۆزان لە کەشێکی ئارام و ئازاد و ئاشتییانەدا بەڕێوە چوو، سەرباری کەم و کورتی و تێبینی کە لە هەر پرۆسەیەکی لەو جۆرەدا روو دەدەن، گەلی کوردستان ئەم تەجرەبەیەشی سەرکەوتوانە تێپەڕاند.

ئێمە لە کاتێکدا سوپاسی ماندوویی و هەوڵەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی کوردستان و رۆڵی بەرچاوی هەموو لایەنە پەیوەنددارەکان و بەشداریی هاووڵاتیان و بە تایبەت جەماوەری وەفاداری پارتیمان دەکەین، هەر لە سۆنگەی پابەندیی تەواومان بە رێنوماییەکانی کۆمسیۆن، رایدەگەیەنین کە سکاڵاکانمان لەسەر کۆی ئەو خروقات و سەرپێچیانەی لە هەندێ شوێن روویان دا بە رێگەی ئوسوڵی خۆیدا تۆمار کردووە و بە دوایدا دەچین و لەوەشدا نە پێش روداوەکان دەکەوین و نە تۆمەتی پێش وەختەش دەبەشینەوە.

بۆیە ئەوەی جێی سەرسوڕمان و هەڵوەستەی ئێمەیە، لێدوانی هیستریایی و ناوەخت و نامەسئولانەی وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی بوو، کە زۆر شپرزانە و بەرلەوەی هیچ ئەنجامێکی سەرەتاییش بەدەرکەوتبێ، کەوتە هەڵوێست وەرگرتن و سەنگەرگرتن لە کۆی پرۆسەکە و تۆمەتبارکردنی بێ بنەما و شەڕفرۆشتن بە پرۆسەکە لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک.

ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کاتێکدا سەرلەبەری ئەو تۆمەتانە و شێوازی رقاوی و هەڵەشانەی وتەبێژەکەی یەکێتی کە لە نێوخۆی حزبەکەی خۆشیدا زۆر بڕی نەکرد و بۆی راست کرایەوە، رەت دەکەینەوە، هیوادارین ئەو شڵەژان و توڕەییە، کاردانەوە نەبێت بەرامبەر رێکارە توند و رێنوماییە وردەکانی کۆمسیۆن کە مەجالی تەزویر و ساختەکاریی فراوان و مونەزەمی بەرتەسک کردەوە، یاخود هەوڵێک نەبێ بۆ شاردنەوە و پەردەپۆشی خروقات و سەرپێچییەکان لە رێی تۆمەتبارکردنی خەڵکی دیکەوە.

مەحمود محەمەد

وتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان

30/9/2018



PM:10:28:30/09/2018