بازگەی دێگەڵە و سماقوڵی ڕێوشوێنی ئەمنی توند دەگرێتەبەر...وتەبێژی یەكێتیش ڕوونكردنەوە دەدات

لە هەردوو بازگەی دێگەڵە و سماقوڵی كە زۆنی سەوز و زەرد جیادەكاتەوە ڕێوشوێنی ئەمنی توند دەگرێتەبەر و وتەبێژی یەكێتیش ڕەتیدەكاتەوە.

سەرچاوەیەكی باڵا لەناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند ئەمڕۆ لە هەردوو بازگەی دێگەڵە و سماقوڵی كە زۆنی سەوز و زەرد جیادەكاتەوە ڕێوشوێنی ئەمنی توند بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان گیراوەتەبەر بەتایبەت بۆ ئەو كەسانەی چەكیان پێیە.

"سپی" بۆ زانیاری زیاتر لە سەر ئەو پرسە و ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن كە ئەم هەنگاوانەی پارتی لەو سنورە كاردانەوەیە بۆ هەڵبژاردنی د. بەرهەم ساڵح بە سەرۆك كۆماری عێراق پەیوەندی كرد بە سەعدی پیرە، ووتەبێژی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بەڵام ناوبراو ڕەتیكردەوە گۆڕانكاری لە ڕێكاری هاتوچۆ لەو بازگانەدا كرابێت و وتی "هاتوچۆ لە هەردوو بازگەكە ئاساییە".

سەبارەت بە دەنگۆی ڕێگریكردن لە دەوامكردنی فەرمانبەرانی یەكێتی لە دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم وتی "ئەو دەنگۆیانە ناڕاستن".
ئەم هەواڵانە لەكاتێكدان شەوی ڕابردوو دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق پارتی جەختیكردەوە كە هەڵوێستی توندیان دەبێت ئەمڕۆش سەركردایەتی ئەو حزبە كۆدەبێتەوە و هەڵوێستی خۆی ڕادەگەیەنێت.

وتەبێژی یەكێتی سەبارەت بە هەڵوێستی "توندی" پارتی بۆ "سپی میدیا" وتی "ئێمە نازانین پارتی تەفسیری چیە بۆ هەڵوێستی توند كەی هەڵوێستی خۆیان ڕاگەیاند ئێمەش قسەی خۆمان دەبێت".



PM:03:01:03/10/2018