مانگرتنی گشتی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو

دژی گرانی و بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەل و هەڵاوسانی بازاڕ مانگرتنی گشتی لە بەشێک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوەدەچێت.

ئەمڕۆ بەشێک لە کاسبکاران و دوکاندارانی شارەکانی سنە و کرماشان و سەقز و بانە دژی گرانی و بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەل و پێداویستییەکانیان دوکانەکانیان نەکردووەتەوە و بازاڕیان داخستووە.

هاوکات لە شارەکانی تاران و مەشهەد و ئەسفەهان و تەبرێز و چەندین شاری دیکەی ئێران بەوهۆیەوە مانگرتنی گشتی دەستیپێکردووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە شۆفێری بارهەڵگرەکان لە زۆربەی شارەکانی ئێران دژی کەمی موچە و کرێکانیان و گرانبوونی کەلوپەلی ئۆتۆمبێلەکانیان مانیانگرتووە و کارکردنیان راگرتووە.

هەروەک لەدوایین هەڵوێستیدا مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران لەنامەیەکدا بۆ وەزیری ناوخۆی وڵاتەکەی دوای مۆڵەتی خۆپیشاندانێکی بەرفراوانی لە سەرتاسەری ئێران کردووە.

ئەحمەدی نەژاد بەمەبەستی پرۆتێستۆکردنی کێشەی ئابوری و لاوازی لە بەڕێوەبردنی وڵات و گەمارۆکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران داوای رێکخستنی خۆپیشاندان دەکات.



PM:01:28:08/10/2018