مەلا بەختیار: دەبێت خەمی ئەوەمان بێت ئەم فێستیڤاڵە بەردەوام بێت

ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی تشرینی یەکەم لە تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی، سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی بە ئامادەبوونی، ژمارەیەک لە سینەماکارەکانی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە و جیهان دەستیپێکرد و ماووەی حەوت رۆژ دەخایەنێت.

مەلا بەختیار، سه‌رۆكی سێیه‌مین ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی لەوتاری دەستپێکی فێستیڤاڵەکەدا رایگەیاند، "وەک چۆن لە دوایین نەتەوەکان دەبین، کە ببینە خاوەن وڵاتێکی سەربەخۆ، وادیارە لە بواری سینەماشدا کە گرنگترین بوارەکانی هونەرە دەبێ بە درەنگی دەستپێبکەین، بەڵام بەم جوانییە دەستمانپێکردووە".

مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەشکرد،"بەبێ بوونی سینەمایەکی راستەقینە و پێشکەوتوو بە هەموو کەرەستە و بوارەکانییەوە، لەدوای سەرکەوتنی سیاسی چاوەڕێی وەرچەرخانی کۆمەڵایەتی ستراتیژی نەکەین. دەبێ خەمی ئەوەمان بێت کە ئەم فێستیڤاڵە بەردەوام بێت و نەتەوەکەمان ببێتە خاوەن سینەمایەک کە شانازی پێوەبکەین".

لە فێستیڤاڵەکەدا 122 فیلم لە 52 وڵاتەوە لە 4 هۆڵی جیاواز لە سلێمانی نمایش دەکرێن و زیاتر لە 200 میوانیش بۆ فێستیڤاڵەکە بانگهێشتکراون.


PM:10:01:10/10/2018