قایمقامی سۆران زانیاری لەسەر بومەلەرزەكەی شەوی ڕابردوو ئاشكرادەكات

دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو 13/10/2018 بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 3.2 پلەی ڕێختەر لە سۆران ڕوویدا، قایمقامی ئەو شارە زانیاریی نوێی لەبارەی بوومەلەرزەكە بڵاو كردەوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە 14/10/2018، كرمانج عزەت دەرگەڵەیی، قایمقامی سۆران، لە پێگەی تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك، زانیاریی نوێی لەبارەی بوومەلەرزەكەوە بڵاو كردەوە و ڕای گەیاندووە، كە شەوی ڕابردوو ھەموویان ھەستیان بە بوومەلەرزە و دەنگێك كردووە.

لەبارەی ئەو دەنگەی خەڵكی سۆران گوێبیستی بوون، قایمقامی سۆران دەڵێت "دوای بەدواچوونمان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەولێر، بۆمان دەركەوت كە بوومەلەرزەكە تایبەتییەكی ھەیە لەگەڵ بوومەلەرزەكانی دیكە، بەوەی كە بوومەلەرزەكە تەنیا 10 كیلۆمەتر لە ناخی زەوی قووڵ بووە و 12 كم لە باكووری شاری سۆران بووە، ھەروەھا دەنگێكی لە شێوەی تەقینەوەی ھەڵگرتووە، ھێزەكەشی 3.2 پلەی ڕێختەر بوو".

كرمانج عزەت باسی لەوەش كردووە "بوومەلەرزەكە ھیچ زیانی گیانی و مادی نەبووە"، دەشڵێت "ئێمە لەسەر ھێڵی بوومەلەرزەی گشتی نین، بۆیە ئەمە یەكەم حاڵەتە بەم نزیكییە ڕوو دەدات".



PM:02:16:14/10/2018