سەدر پەیامێک بۆ سیاسیەکانى کورد دەنێرێت

موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر پەیامێک ئاراستەی سیاسییەکانی کورد دەکات و دەڵێت دەمانەوێت ئێوە یەکگرتوو و بەھێز و شکۆمەند بن و نە ستەم بکەن نەستەمیشتان لێ بکرێت.

موقتەدا سەدر لە تویتێکدا رایگەیاند،"دەمانەوێت ئێوە بێ جیابوونەوە لەگەڵمان بژین، ئەوەش بەرزترین مانای خۆشەویستیە، بۆ ئەوەی لە عێراقیکی یەکگرتوودا وەک یەک بین".

رێبەری رەوتی سەدر ئاماژەی بەوەشکردوە،" قوتی ژیان لە نێوان یەکتردا بەدادپەروەرانە و ئینسافەوە دابەش دەکەین، رێگە نادەین دەستدرێژیتان بکرێتەسەر".

موقتەدا سەدر لە پەیامەکەیدا بۆ سیاسییەکانی کورد ئەوەشی وتووە"ئێمە دەزانین لەناو ئێوەدا کەسانێک ھەن  دۆستی میانڕەوین و جیاوازی ناکەن لە نێوان کورد و عەرەب مەگەر بە لەخواترسان و خۆشەویستی نیشتیمان نەبێت".

ئەوەش دەڵێت"با پشکپشێنە وازلێ بھێنین و کەندەڵکاران دووربخەینەوە و بەدەموچاوی نوێ وپاک پەیمان بۆ عێراق نوێ بکەینەوە بۆ ئەوەی شکۆتان بپارێزرێت و پایەتان بەرزبیتەوە".

موقتەد سەدر داوا دەکات نەوەی کۆن و نوێی سیاسییەکان یەگبگرن "بۆ ئەوەی ئێمە و ئێوە ببینە کۆڵەکەی عێراق، بۆ ئەوەی کەرکوک ببێتە نمونەیەکی باڵا بۆ پێکەوە ژیانی ئاشتییانەی ھەموو تائیفە و نەژادەکان".



PM:04:44:15/10/2018