بەرپرسێکی حکومی لە سلێمانی کوژرا

بەرپرسێکی حکوومی لە شارەدێیەکی سنووری پارێزگای سلێمانی لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە تەقەی لێ کراوە و کوژراوە.

هێمن ئیبراهیم، بەڕێوەبەری شارەدێی ناڵپارێز لە سنووری شارۆچکەی پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی، ڕاگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە ١٥ی ١٠ی ٢٠١٨، بەڕێوبەری ئاوی ناحیەی ناڵپارێز تەقەی لێکراوە و کوژراوە.

ڕوونیشی کردەوە کە ڕووداوی تەقەکردنەکە لە تەنیشت بەنزینخانەیەکی نزیک شارەدێیەکە بووە. وتیشی "تائێستا ھیچ کەسێک بەتۆمەتی کوشتنی بەڕێوبەری ئاوی ناحیەی ناڵپارێز دەستگیر نەکراوە، بەڵام پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە".

بەگوێرەی زانیارییەکان ڕووداوی تەقەکردنەکە کاتژمێر ٢ی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجام دراوە و ئاسۆ حوسێن کە تەمەنی ٣٣ ساڵە و بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی شارەدێی ناڵپارێزە، کوژراوە و دواتر تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادوەریی پێنجوێن کراوە.



PM:05:00:15/10/2018