مەلا بەختیار: بڕیاربەدەستەكانی ئێستای یەكێتی شەرعیەتی كۆنگرە وەرنەگرن یەكێتی دەبێتە حزبێكی خێزانی و تاكڕۆ

مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کاگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت " بڕیاربەدەستەكانی ئێستای یەكێتی شەرعیەتی كۆنگرە وەرنەگرن یەكێتی لە حزبێكی سۆشیال دیموكراتەوە دەبێتە حزبێكی خێزانی و تاكڕۆ".

مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕاپۆرتێكی شرۆڤەكاریدا کە لەماڵپەڕی " چاودێر " کە ماڵپەڕی خۆیەتی بڵاوكراوەتەوە دەڵێت " بڕیاربەدەستەكانی ئێستای یەكێتی شەرعیەتی كۆنگرە وەرنەگرن یەكێتی لە حزبێكی سۆشیال دیموكراتەوە دەبێتە حزبێكی خێزانی و تاكڕۆ. 

بەرپرسی دەستەی کاگێڕی لە درێژەی رایەکەیدا دەڵێت "ئێستا هەندێك كەس لەناو ئەم حزبەدا بڕیار بەدەستن و بڕیاری كۆتایی یەكلاكەرەوەی یەكێتی دەدەن، بەڵام هیچ شەرعیەتێكی كۆنگرەیان نییە، بۆیە ئیتر پێویستە ئەم كەسانە پابەند بن بە پرەنسیپە حزبیەكان و بیر لەوە بكەنەوە شەرعیەتی كۆنگرە بۆ خۆیان دەستەبەر بكەن، ئەگەر نا بەردەوامبونی ئەم دیاردەیە یەكێتی لە حزبێكی سۆشیال دیموكرات و بیروڕا ئازادەوە دەبات بەرەو حزبێكی خێزانی و تاكڕەو”. 

لە بەشێکی تری راپۆرتەکەدا مەلا بەختیار ڕەخنە لە دواخستنی زۆرتری كۆنگرەی یەكێتی گرتووە و نوسیوێتی "كێشەی یەكێتی تەنیا، بەستن و نەبەستنی كۆنگرە نییە، پرسیارە هەرە سەرەكیەكە ئەوەیە یەكێتی چ جۆرە كۆنگرەیەك دەبەستێت؟ ئایا كۆنگرەیەكی نمایشی و تەوافوقی دەكات و پێشتر شتەكان یەكلا دەكاتەوە ئنجا كۆنگەرە دەبەستێت؟یان كۆنگرەیەكی ریفۆرمخوازانە دەكات و گۆڕانكاریی جەوهەری لە پێكهاتەو هەیكەل و ستراتیژیدا دەكات. بێگومانیش ئەگەر بیر لە كۆنگرەی یەكەمیان بكرێتەوە كێشەكان وەكخۆیان دەمێننەوە، چونكە كۆنگرەیەك نەتوانێت هەیكەلەیەكی نوێ دوای كۆچی دوایی مام جەلال دابڕێژێت، نەتوانێت وەڵامی پرسیارە زۆر و زەوندەكانی كادیرانی یەكێتی بداتەوە و ستراتیژێكی رون بۆ خەباتی ئایندە دابنێت، پێی ناوترێت كۆنگرە”. 

بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی ئەوە دەخاتە روو "ماوەی هەشت ساڵ بەسەر سێیەمین كۆنگرەی یەكێتی نیشتمانیی كوردستاندا تێپەڕبوە، لەم ماوەیەدا زۆر روداوی گرنگ و چارەنوسساز و تەنانەت مەترسیداریش بەرۆكی ئەم حزبەی گرت، كە دیارترینیان و كاریگەرترینیان نەخۆشكەوتن و كۆچی دوای مام جەلال سكرتێری گشتیی ئەم حزبە بوو”. 

ڕونیشیدەكاتەوە "ئێستاش كێشەو بێشەی ناو سەركردایەتیی یەكێتی كەم نین كە وا دەخوازێت، ئیتر بیر لە كۆنگرەیەگی دوور لە نمایشی و پشك پشكێنە بكرێتەوەو ئەم حزبە نوێ بكاتەوە، بە چەندین ئاست و ئاراستەی جیاوازەوە، لەسەرو هەموشیانەوە دیاریكردن و پاراستنی سەرجەم هێڵە فیكری و ئایدیۆلۆژیەكانی پێكهاتەو فۆڕمی نوێی حزبایەتی”.



PM:08:58:15/10/2018