دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایدەگەیەنێت کە دوای فۆرمەکانی ژمارە ( 51 و 52 و 53 ) لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم کردووە، بەڵام تا ئێستا بەدەستیان نەگەیشتووە.
لە کاتێکدا کە ماوەی نزیکەی هەفتەیەکی ماوە بۆ راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، د.بڕیار رهشید وتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی حیزبەکەی دەڵێت " وەك دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی بەنوسراوی رهسمی لە رۆژی 6-10-2018 داوای فۆرمی ( 51 و 52 و 53 ) مان لەكۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم كردوە، كە ئەم فۆرمانە پێكهاتوون لە ( ژمارەی دەنگی سەرجەم حزبەكان لە ناو وێستەگەیەك و ژمارەی دەنگی كاندیدەكان و ژمارەی دەنگی حزبەكان لە ناو بنكەیەك)".
ئەو لە درێژەی لێدوانەکەی دا دەشڵێت " ئەم فۆرمانە یاخود وێنەی ئەم فۆرمانە پاش هەموو هەڵبژاردنێك و پاش راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، دەدرێتەوە لایەنە سیاسیەكانی بەشداربووی هەڵبژاردن، بەڵام هەتا ئێستا لە لایەن كۆمسیۆنەوە بەدەست لایەنەكان نەگەیشتوە، نوێنەرانی ئێمە لە كۆمسیۆن چەندینجار ئەو داوایەیان دووپاتكردوەتەوە، هاوكات بۆ ئەوەی كۆمسیۆن ئەستۆ پاكی خۆی بسەلمێنێت پێویستە ئەو فۆرمانە بداتە دەست لایەنەكان".
وتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتیی ئاماژەی بەوەشكرد، رادەستكردنەوەی ئەم فۆڕمانەش بۆ ئەوەیە كە لایەنەكان بەراوردی ئەو داتایانەی لەلایەن چاودێریانەوە بەدەستیانگەیشتوە لهگهڵ ئەو داتایانەی كۆمسیۆن رایگەیاندوە بكەن و لەو ڕێگەیەشەوە لایەنەكان جیاوازی دەنگەكانیان لە هەڵبژاردنەكان بزانن.