نوێترین هەڵوێستی پارتی لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکوک

پارتی دیموکراتی کوردستان پێشنیازێک لە بارەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەداتە یەکێتی نیطیمانی کوردستان بەوەی پارێزگار نە لەپارتی و نە لەیەکێتی بێت، بەڵکو هەردوولا لەسەر کەسێکی بێلایەن رێکبکەون.

کەمال کەرکووکی، بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک-گەرمیانی پارتی رایگەیاند: "ئەمجارە پۆستی پارێزگار نابێ بۆ یەکێتی بێت، با کەسێک هەڵبژێرین ئێمە و یەکێتیش بتوانین سود لەئەزموونی ببینین و بۆ پێکهاتەکانی دیکەش باش بێت".

هاوکات رەوەند مەلا مەحموود، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی بۆ رووداو وتی، "پۆستی پارێزگار پشکی کوردە و لەنێو کوردیش پشکی یەکێتییە، بەڵام جارێ دیار نییە کێ دەبێت، ئێمە لەگەڵ عەرەب و تورکمان خەریکی دانوستاندنین بۆ پۆستی پارێزگار و پۆستەکانی دیکە، بەڵام جارێ نەگەیشتووینەتە رێککەوتن".

جێی ئاماژەیە یەکێتی پارێزگار بەمافی خۆی دەزانێت و ئامادەشنین گفتوگۆ لەسەر کەسی دیکە بکەن، کە بەپێی زانیارییەکان ناوی‌ ئاسۆ مامەندیش وەک کاندیدی بەهێزی یەکێتی لەناو رێکخستنەکانی ئەو حیزبە بڵاوبووەتەوە،

لە ئێستاشدا یەکێتی لەهەوڵی ئەوەدایە لەڕێگەی پڕۆژەیەکەوە لەگەڵ عەرەب و تورکمان رێژەی یاسایی دەنگی ئەنجوومەن بۆ دیاریکردنی دەسەڵاتێکی نوێی ئیداری  بەدەستبێنێت.

هەروەها  دانوستاندنەکانی نێوان یەکێتی لەگەڵ عەرەب و تورکمان لەسەر ئەو بنەمایەن پارێزگار لەیەکێتی و سەرۆکی ئەنجوومەن لەتورکمان و جێگری پارێزگار دەسەڵاتەکانی زیادبکرێن لەعەرەب بێت. قایمقامی کەرکووک لەتورکمان بێت و لەبەرامبەردا قایمقامەکانی داقوق و دوبز بدرێنەوە بەکورد و هی حەویجەش بۆعەرەب، هەروەها پۆستی بەڕێوەبەری فەرمانگەکانیش بەرێژەی سەدا سی و دوو دابەش بکرێن.


PM:09:58:17/10/2018