دۆسێیەکی گەندەڵی لە خاڵى گومرگیی کەرکوک ـ سلێمانى ئاشكرا کرا

دەستەى دەستپاکى عێراق دۆسێیەکی گەندەڵی لە خاڵى گومرگیی کەرکوک لەگەڵ پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر، ئاشکراکرد و سێ فەرمانبەر دەستگیرکران.

نەجات حسێن سەرۆکی لیژنەی دەستپاکى لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ڕایگەیاند، سێ فەرمانبەر لە خاڵکی گومرگی کەرکوک- سلیمانی تۆمەتبارکراون بەوەى لەگەڵ بازرگانێکدا ڕێککەوتوون و جۆرى ئەو کاڵایەیان بۆ گۆڕیوە، کە هاوردەی کردووە، بەمەبەستى کەمکردنەوەى باجى سەر کاڵاکە.

هەروەها  وتی، جگە لەو سێ فەرمانبەرە شۆفێرى ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکە و بازرگانەکەش دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

رۆژى ٢٢ى ئەیلول، بەغدا دوو خاڵى گومرگیى لەسەر ڕێگاى کەرکوک - هەولێر و کەرکوک - سلێمانی کردەوە، بەمەبەستی وەرگرتنى گومرگ لەو بارهەڵگرانەى لە هەرێمەوە کاڵا دەگوازنەوە بۆ ناوچەکانى ناوەڕاست و خوارووى عێراق کە رێژەکەى لە نێوان لە سەدا پێنج بۆ لە سەدا ١٠ دایە، بەوهۆیەشەوە نرخى زۆربەى کاڵاکان لە بازاڕەکانى کەرکوک ڕووى لە بەرزبوونەوە کردووە


PM:10:51:18/10/2018