کۆمەڵ بڕیار لەسەر بەشداریکردنی لە حکومەتی داهاتوو یان ئۆپۆزسیۆن بوونی دەدات

وابڕیارە سبەینێ سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیار لەسەر پرسی بەشداریکردنیان لە حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان یان بە ئۆپۆزسیۆن بوونیان بدەن.

ڕاگەیاندنی کۆمەڵی ئیسلامی لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە ئاشکرایکردووە، سبەینێ ٢٣ی تشرینی یەکەم،  سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی کۆبوونەوەی خۆی لەسەر چەند پرسێک ئەنجام دەدات.

ئەوەشیان باسکردووە، ''پرسەکانی کۆبوونەوەکەی سبەینێ خۆی دەبینێتەوە لە تاوتوێکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و دەرئەنجامی ڕاگەیەندراوەکانی لایەنەکان لەسەر هەڵبژاردن؛ لەو سۆنگەیەشەوە سەرکردایەتی بڕیار لەسەر پەسەندکردنی یان پەسەندنەکردنی دەدات.''

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، هەر لە کۆبوونەوەکەی سبەینێ بڕیار لەسەر پرسی بەشداریکردنیان لە حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان دەدەن.

راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لایەنە سیاسییەکانی بەسەر دوو بەرەدا دابەشکرد بەشێکیان ڕەتیدەکەنەوە و بەشەکەی دیکەش پێی ڕازین، کە بە ساختەکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان تۆمەتبارکراون.



PM:06:24:22/10/2018