نەوەی نوێ دەنگ بە کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی نادات

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند لەبەربوونى دابەشکاری حزبی دەنگ بە کابینەی نوێی حکومەتى عێراق نادەن، داواشی لەسەرجەم پەرلەمانتارانی عێراق کرد کە هاوشێوەی فراکسیۆنەکەیان دەنگ بەو کابینەیە نەدەن.

فراکسیۆنەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند،"لە کاتێکدا ھاوڵاتیانی عێراقی لە چاوەروانی لە دایکبونی حکومەتێکی تازەی خاوەن روئیای بەدوور لە دابەشکاری حیزبی و مەزھەبی و قەومی بوون، بەڵام دەرکەوت ھەمان سیناریۆکانی پێشوو بۆ رازیکردنی حیزبەکان بەردەوامە و وەزیرەپێشنیارکراوەکان کاندیدی حیزب و گروپە قەومی و مەزھەبییەکانن نەک نوێنەری راستەقینەی خەڵک".

ئاماژەی بەوەشکرد وەرگرتنی وەزیرەکان لەسەر بنەمای سیڤی دوور بووە لەراستییەوە"،"دەرکەوت کە وەرگرتنی وەزیرەکان لەسەر بنەمای سیڤی و توانا بەبێ دەستوەردانی حیزبی ھیچ بنەمایەکی نەبوو وە ئەمەش یەکەم بێ بەڵێنی کابینەی پێشنیارکراوی حکومەتە لەگەڵ ھاوڵاتیانی عێراق". 

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق جێبەجێ نەکردنی ئامۆژگاییەکانی مەرجەعیەتی بەمەترسی ناوبرد و وتی،"تەنانەت ئامۆژگارییەکانی مەرجەعیەتی باڵای ئاینی جێبەجێ نەکرا، ئەمەش دەسپێکێکی مەترسیدارە بۆ حکومەتی ئایندە".

فراکسیۆنی نەوەی نوێ ئەوەشی خستەروو، "چاوپۆشی لە ھیچ کەموکورتیەکی حکومەت ناکەن و، وەک فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق وە وەک ھێزێکی ئۆپۆزسیۆن بەڵێنمان بەخۆمان و بە خودا داوە کە چاو لە ھیچ کەموکورییەکی حکومەت نەپۆشین".

 نەوەی نوێ داوای کرد پەرلەمانتاران دەنگ بەو کاندیدانە نەدەن رۆڵیان ھەبوە لە گەیاندنی عیراق بە قۆناغی ئەمرۆ" داوا لە ئەندامانی پەرلەمان دەکەین کە دەنگ بۆ ئەو کاندیدانە نەدەن کە رابردویان ئەوە دەسەلمێنێ کە رۆڵیان ھەبوە لە گەیاندنی عێراق بەمرۆ وە بەرژەوەندی کەسیی و حیزبی پێش بەرژەوەندی خەڵک دەخەن".
 




PM:08:55:24/10/2018