قایمقامیەت سەمونخانەیەكی داخست

لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی سەمونخانەیەك دادەخەن و سەرۆكی ئەو لیژنەیەش دەڵێت "لەسەمونخانەكەدا پاشماوەی (جرج و مشك) لەسەر تاوڵەی سەمونخانەكە هەبوەو هیچ مەرجێكی تەندروستی لەشوێنەكەدا نەبوە".

لەڕاگەیەنراوێكی قائیمقامیەتی سلێمانیدا، گۆران قادر سەرۆكی‌ لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت ڕایگەیاندوە، "بەهۆی پابەندنەبونی بەمەرج و ڕێنماییەكانی كاركردن بەگشتیی و بەتایبەت تەندروستی، لیژنەی نانەواخانەی قائیمقامیەت فڕنی سەمونی (عەفرین) لەگەڕەكی زێڕینۆك دادەخات".

ئاشكراشیكردوە، لەكاتی سەردانی لیژنەكە بۆ شوێنەكەو پشكنین بۆ كەلوپەل و پێداویستیەكانی دروستكردنی سەمون، دەركەوتوە شوێنەكە شیاونییە بۆ سەمونخانەو پاشماوەی (جرج و مشك) لەشوێنەكە هەبوە، لەگەڵ بو‌نی پیساییەكی زۆری مشك و جرج لەسەر تاوڵەی سەمونەكان، هەروەها بەكارهێنانی بەتانی بۆ داپۆشینی سەمونەكان بەشێوەیەكی ناتەندروست و ڕێگەپێنەدراو.

سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئاماژەی بەوەكرد، "بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی فڕنی سەمونی عەفرین دادەخرێت و خاوەنەكەی ڕوبەڕوی یاسا دەكرێتەوە".



PM:01:47:28/10/2018