پۆلیسی سلێمانی هۆشیاری دەداتە هاندەرانی کلاسیکۆ

پۆلیسی سلێمانی هاندەرانی وەرزشی ئاگادار دەكاتەوە لەوەی خۆیان بەدوربگرن لەدیاردەی تەقەكردن و سەرپێچیكارانیش دەستگیردەكرێن.
 
پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیاندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ "سپی"نێردراوە، تیایدا هاووڵاتیان و هاندەرانی وەرزش ئاگاداردەكاتەوە لەوەی بەهەموو شێوەیەك خۆیان بەدوربگرن و دوربكەونەوە لەدیاردەی تەقەكردن و دروستكردنی پشێوی و هەراسانكردنی هاووڵاتیان بەمەبەستی دەربڕینی خۆشی بەهۆی ئەنجامی ئەو یارییە وەرزشییەی ئەمشەو دەكرێت.

ئەوەش هاتووە، سەرجەم هێزەكانیان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و لەناو شاردا بڵاوەیان پێكراوە بۆ جێبەجێكردنی یاسا و رێگرتن لەهەر جۆرە كارێكی نەخوازراو.

پۆلیسی سلیمانی لە راگەیەندراوەکەیدا ئەوەشی خستۆتەڕوو، هەر كەسێكیش سەرپێچی ئەم بڕیارە بكات و ببێتە هۆی دروستكردنی پشێوی و هەراسانكردنی هاووڵاتیان، ئەوا لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە دەستگیردەكرێت و رێكاری یاسایی لەبەرامبەریاندا دەگیرێتەبەر.

ئەمشەو لە خولی تۆپی پێی یانەکانی ئیسپانیا هەردوو یانەی ڕیال مەدرید و بەرشەلۆنە ڕووبەرووی یەکتر دەبنەوە، ساڵانەش هاندەرانی ئەو دو یانەیە لە هەرێمی کوردستان بۆ دەربڕینی خۆشییەکانیان تەقە دەکەن و بەوهۆیەوە ڕووداوی نەخوازراوی لێدەکەوێتەوە.  


PM:07:55:28/10/2018