بۆ دووەم رۆژە سووپای تورکیا تۆپبارانی کوبانێ دەکات
هاوپەیمانان چاودێری دۆخەکە دەکەن


دوو رۆژە تورکیا لەناو سنوری خۆیەوە تۆپبارانی گوندەکانی کوبانێ دەکات، ئەمڕۆش هێزەکانی هاوپەیمانی دژی داعش دەستیان بە چاودێریکردنی دۆخەکە کرد.

میدیاکانی سەر بەکوردانی رۆژئاوا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە تۆپبارانی سووپای تورکیا بۆ سەر گوندەکانی کوبانێ روو لە فراوانبوونەو، ئەمڕۆ ٣١ ی تشرینی یەکەم تۆپبارانەکە گوندی جارقلی رۆژئاوای کوبانێشی گرتەوە، بەتایبەتی پێگەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات.

هەر لەو بوارەدا تورکیا هێزەکانی " درع فرات " و " چڵە زەیتونی " ئامادەکردووە بۆ هێڕشکردنە سەر بنکەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە مینبەج.

هەروەها بەپێی ئەو میدیانە ئەمرۆ ٥ ئۆتۆمبیلی سەربازی هاوپەیمانان چوونەتە ناوچەکە و چاودێری دۆخەکە لەسەر سنور دەکەن و سەنگەرەکانی هێزەکانی سوریای دیمکراتیان بەسەرکردۆتەوە، هەروەها بەناو شارەکەشدا گەڕاون.

دوو رۆژە سووپای تورکیا بۆردومان گوندەکانی کوبانێ دەکات، وەزیری بەرگری ئەو وڵاتەش لەسەر سنور هێزەکانی بەسەردەکاتەوەو دوێنێش رایانگەیاند" لەم رۆژانەدا هێرشدەکەنە سەر شاری مینبەج و دواتر رۆژهەڵاتی فورات.



PM:05:32:31/10/2018