وەستا رەسوڵ: پێشمه‌رگه‌ تا سه‌ر ته‌حه‌مول ناكات نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ركوك

فەرماندەی میحوەری ٤ی کەرکوکی هێزەکانی پێشمەرگە رایگەیاند، پێشمه‌رگه‌ تا سه‌ر ته‌حه‌مول ناكات نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ركوك و له‌به‌رزاییه‌كانه‌وه‌ سه‌یری سته‌مكردن له‌خه‌ڵكی ئەو شارە‌ بكات.

وەستا رەسوڵ فەرماندەی میحوەری ٤ی کەرکوکی هێزەکانی پێشمەرگە و ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەدەنگی ئەمریکای رایگەیاندووە، " وەک یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێشنیارمان کردووە وە پێداگیری دەکەین" هەم لەڕووی ئیداری هەم لەڕووی ئەمنیەوە "ئیدارەی موشتەرەک" بۆ کەرکوک دابنرێت، ئێمە ئێستا وەک یەکێتی نیشتمانی کوردستان کار و پێداگیریمان لەسەر ئەم پاکێجەیە."
 
لەبارەی ئەو ئیدارە هاوبه‌شه‌ی باس دەکرێت بۆ کەرکوک ڕونیکردەوە" مەبەستم هێزی پێشمەرگە و هێزە عیراقیەکانە وە ناوشاری کەرکوک بدرێت بە دەست پۆلیسی کەرکوکەوە."

وەستا رەسوڵ باس لە دوو بۆچوون دەکات بۆ ئەوەی کە هێزی هاوبەش لەکەرکوک بێت و دەڵێت، "بۆچونی ئێـمە وایە کە ناوچە کوردییەکە هێزی پێشمەرگە ئێدارەی بدات، لای خوارەوەش کە تورکمان و عەرەبەکانی لێیە هێزە عێراقیەکان ئیدارەی بدەن، بەڵام بۆچونێکی تر هەیە کە ئێستا بەڕونی لەکەرکوک قسەی لەسەر دەکرێت ئەوەیە کە سێ لیوای هاوبەشی نەتەوە جیاوازەکان دروست بکرێت بۆ ئیدارەدانی شارەکە".

سەبارەت بەوەی کە ئەگەر لایەنەکان نەگەیشتنە ڕێککەوتن بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکوک، ئەو فەرماندەیەباسی لەوەکردووە، "من پێموایە دۆخی کەرکوک تەحەمول ناکات کە تا سەر پێشمەرگە لەبەرزاییەکانەوە سەیری ناو کەرکوک بکات و خەڵکی کەرکوکیش بچەوسێنرێتەوە، دۆخەکە دەبێت لەحکومەتی نوێی عێراق یەکلایی بکرێتەوە ئەگەرنا پێشمەرگە تا سەر تەحەمول ناکات و ڕەنگە ئەوکات شەڕ لەنێوان هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە لەکەرکوک دروست ببێتەوە".

هەروەها لە بارەی هۆکاری پێداگری یەکێتی بۆ وەرگرتنەوە پۆستی پارێزگاری کەرکوک وەستا رەسوڵ ئاماژەی بەوە کردووە، "لەبەر ئەوە پێداگری دەکەین چونکە ئێـمە سەد به‌ سفرین لەکەرکوک لەبەرامبەر پارتی، ئێمە شەش کورسیمان هەیە، پارتی هیچی نیە و کەرکوک شارێکە پێگەی جەماوەری یەکێتی تێدا بەهێزە."

لەبارەی ئەوەی یەکێتی ڕازی دەبێت بەهەمان شێوە پارتی مامەڵە لەگەڵ یەکێتی بکات لەپێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کە پارتی دوو ئەوەندە زیاترە ژمارەی کورسیەکانی لەیەکێتی؟ وەستا ڕيسوڵ وتی" ئێـمە داوای خێرمان لەکەس نەکردووە، ئێـمە "ئیستحقاق"ی هەڵبژاردنی خۆمانمان دەوێت، هەموو کەس دەزانێت غەدر لەیەکێتی کراوە لەم هەڵبژاردنەدا چۆن سندوقەکان لە هەولێر و دهۆک پڕکراوە بەڵام قبوڵمان کردووە ئێمە نەمانویستووە بگەڕێینەوە شه‌ڕی چەکداری و شەڕی ناوخۆمان بەنەفرەت کردووە شکستمان قبوڵ کردووە باشترە وەک لەشەڕی ناوخۆ." 


AM:11:46:01/11/2018