کەنەدا پەنابەر وەردەگرێت

حکومەتی کەنەدا ئاشکرایکرد لە ساڵی داهاتووەوە دەرگای کۆچ بەڕووی کۆچبەراندا دەکاتەوە و ساڵانە ٤٠ هەزار کەسی زیادە وەردەگرێت.

ئەحمەد حسێن وەزیری کۆچی کەنەدا ئاشکرایکرد، وڵاتەکەی پلانی هەیە ساڵانە ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی وەریدەگرێت زیاتر بکات و لە ٣١٠ هەزارەوە بیکات بە ٣٥٠ هەزار کۆچبەر.

وەزیری کۆچی کەنەدا ئاشکرایکرد، وەرگرتنی کۆچبەران لە ساڵی ٢٠١٩وە تا ٢٠٢١ بەردەوام دەبێت وتیشی وڵاتەکەی ڕووبەڕووی زۆربوونی ڕێژەی بەساڵاچووان بووەتەوە، بۆیە لە پلانی ئابووری وڵاتەکەیدا پێویستی زۆری بە کۆچبەران هەیە و ئەوەش وادەکات کەنەدا ببێتە ڕکابەری بازاڕی جیهانی بۆ داخوازی لەسەر هێزی کار.

بەگوێرەی ماڵپەری "CTVNEWS" لە بەشێکی تری وتەکانیدا ئەو وەزیرە کەنەدییە ئاشکرایکردووە، سیستمی کۆچ دیاریکراو دەبێت و پەیوەندیدار دەبێت بە پێویستی شارەکان و ناوچەکان بە هێزی کار و جۆرەکانی، جگە لەوەش ئەو پلانە بە قۆناغ دەبێت.

ئەوە لەکاتێکدایە، حکومەتی ئێستای کەنەدا لەسەر دەستی جەستن ترودۆ سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠١٥وە، بڕی خزمەتگوزاریی بۆ نیشتەجێکردنی کۆچبەران بە ڕێژەی ٣٠% زیادکردووە.

دوێنێ ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨، ئاژانسی ئاسۆشییەیتد پرێس ڕایگەیاند، لە چوار ساڵى ڕابردوودا زیاتر لە ٥٦ هەزار و ٨٠٠ کۆچبەر لە جیهاندا گیانیان لەدەستداوە کە بەشێکى زۆریان خنکاون و بەشێکیشیان ونبوون.

ئاژانسەکە لە ڕاپۆرتێکدا کە پشتى بە چەند ڕێکخراوێکی جیهانی بەستووە ڕوونیکردەوە، بە دەیان هەزار کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە کە بەشێکى زۆریان لەپێناوى ژیانێکى باشتردا کۆچیان کردووە.



PM:05:52:04/11/2018