وادەی لابردنی پاشەكەوتی موچە ئاشكراكرا

لە پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠١٩ی ھەرێمی كوردستاندا، مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان بەبێ پاشەكەوت دابەش دەكرێت.

ماڵپەرشی "باسنیوز"ی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاویكردەوە لە بودجەی ٢٠١٩ی ھەرێمی كوردستاندا بۆ ھەر مانگێكی مووچەی فەرمانبەران بڕی ٨٨٠ ملیار دینار داندراوە، ئەوەش ئەو بڕە پارەیەیە، كە مووچەی تەواوی ھەرێمی كوردستانە بەبێ پاشەكەوتی پێ دابین دەكرێت.

رۆژی ٣ی شوباتی ٢٠١٦، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كورستان بڕیاری لە پاشەكەوتكردنی مووچەی فەرمانبەران دا، كە پاشەكەوتكردنەكە لە ١٥% دەستی پێ دەكرد تاوەكوو ٧٥%، بەڵام لە ئاداری ٢٠١٨دا حكوومەت پاشەكەوتی مووچەی بە رێژەیەكی زۆر، كەم كردەوە.

لە ھەرێمی كوردستان، نزیكەی یەك ملیۆن و ٣٨٠ ھەزار كەس مووچە وەردەگرێت، كە ٦٨٣ ھەزاریان فەرمانبەرن.

نەورۆز قازی، سەرۆكی فەرمانگەی یاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان رایگەیاند، پلانی حكوومەت ئەوەیە سیستەمی پاشەكەوتی مووچە بە یەكجاری ھەڵبگرێت، وتی "لەپاڵ ھەڵگرتنی سیستەمی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران و دابەشكردنی مووچە بەبێ پاشەكەوت، دەبێ لە بودجەی ٢٠١٩ی ھەرێمی كوردستان، بودجەیەكیش دابندرێت بۆ گەڕانەوەی بەشێك لە پاشەكەوتی مووچە، تا دڵنیایی بدرێتـە مووچەخۆران".

روونیشی كردەوە، سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەی چەند جارێك دڵنیاییان داوە، پاشەكەوتی مووچە نافەوتێت و دەدرێتەوە "بۆ جێبەجێكردنی ئەو دڵنیاییە، دەبێ لە بودجەی ٢٠١٩دا بڕگەیەك ھەبێت بڕێك پارەی پاشەكەوت بدرێتەوە مووچەخۆران".




AM:09:37:06/11/2018