بەوێنە...دوو ژنی موسوڵمان بۆ كۆنگرێسی ئەمریكا سەركەوتن

بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەكان، لە هەڵبژاردنی كۆنگرێسی ئەمریكادا حزبی دیموكراتەكان زۆرینەی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەدەستهێناوە و بۆ یەكەمجاریش لە مێژووی ئەو وڵاتەدا دوو ژنی موسوڵمان بۆ كۆنگرێسی ئەمریكا سەركەوتن.

میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردەوە، بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەكان تائێستا حزبی دیموكراتەكان لە كۆی ٤٣٥ كورسی ئەنجومەنی نوێنەران ١٨٩ كورسی بەدەستهێناوە، لە بەرامبەردا كۆمارییەكان ١٧٦ كورسییان بەدەستهێناوە.

هەر بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەكان، حزبی كۆمارییەكانی كۆنترۆڵی ئەنجومەنی سیناتیان گرتووەتەوە دەست. بەجۆرێك لە كۆی ١٠٠ كورسی ئێستا خاوەنی ٥١ كورسین، لە بەرامبەردا دیموكراتەكان خاوەنی ٤٣ كورسین و ٦٠ ژن سەركەوتنیان بۆ كۆنگرێسی ئەمریكا بەدەستهێناوە كە دووانیان موسوڵمانن.

ئەو دوو ژنە موسوڵمانەش یەكێكیان ئیلهان عومەر پەنابەرێكی سۆماڵییە و لە ویلایەتی مینیسۆتا نیشتەجێیە، هاوكات رەشیدە تەڵیب كە دایك و باوكی فەلەستینین و پەنابەرن لە ویلایەتی میشیگن نیشتەجێیە.

حزبی دیموكراتەكان بە بردنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لە كۆنگرێس دەتوانن كۆسپ بخەنە بەردەم پلانە یاساییەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا.

هەڵبژاردنی كۆنگرێسی ئەمریكا دوو ساڵ جارێك بەڕێوەدەچێت، هەربۆیە بە هەڵبژاردنی نیوەییش ناودەبرێت، هەڵبژاردنەكە یەكێك لە حزبی كۆماری و دیموكراتەكان دیاریدەكات كە بۆ دوو ساڵی داهاتوو كۆنگرێس كۆنترۆڵ دەكەن.

كۆنگرێسی ئەمریكا لە ئەنجومەنی سینات و نوێنەران پێكدێت، ١٠٠ كورسی بۆ ئەنجومەنی سیناتە و ٤٣٥ كورسیش بۆ ئەنجومەنی نوێنەران كە كۆی گشتییان دەكاتە ٥٣٥ كورسی.

دەنگدانەكە بۆ هەڵبژاردنی تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بوو كە ژمارەیان ٤٣٥ ئەندامە، لەگەڵ سێیەكی ئەندامانی ئەنجومەنی پیران. واتە ٣٥ ئەندام لە كۆی ١٠٠ ئەندام.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كە لەماوەی رابردوودا بەهۆی لێدوانە جیاكارییەكانییەوە رەخنەی لێگیراوە، لە كۆتا وتاری بانگەشەدا بۆ پارتی كۆمارییەكان وتی "هەموو ئەوەی بەدەستمانهێناوە ئەمڕۆ لە مەترسییدا دەبێت".

ناوبراو باسی لەوەشكرد، دیموكراتەكان رێگە بە كۆچبەری نایاسایی زیاتر دەدەن، "سۆشیاڵیزمی دیموكراتەكان ئابوری ئەمریكا تێكدەشكێنێت، ئەگەر ئەنجامی گەورە بەدەستبهێنن".

لە بەرامبەردا باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمریكا لە پشكی دیموكراتەكان رایگەیاند، هەڵبژاردنەكەی ئەمریكا ئەگەری هەیە گرنگترین هەڵبژاردن بێت لە ژیانی ئەمریكییەكاندا، تەندروستی ملیۆنان هاووڵاتی لەسەر سندوقەكانی دەنگدانە "كەسایەتی وڵاتەكەمان لەسەر سندوقەكانی دەنگدانە".

لە هەڵبژاردنی پێشوودا كە ساڵی ٢٠١٦ بەڕێوەچوو، كۆمارییەكان بوونە خاوەنی زۆرینەی كورسییەكانی ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەرانن.



AM:09:17:07/11/2018