کارنامەی دانیشتنی سبەینێی پەرلەمانی عێراق راگەیەندرا

ئەمڕۆ چوارشەممە ٧ی تشرینی دووەم، ئەنجومەنی نوێنەران عێراق کارنامەی دانیشتنی سبەینێی پەرلەمانی بڵاوکردەوە، کە تیایدا لیژنە هەمیشەییەکان پێکدەهێنرێن. 

لە ڕاگەیەندراوێکدا فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە،  سبەینێ لە ١١هەمین دانیشتنی خۆیدا پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە دەدات سەبارەت بە هەڵبژاردنی پارێزگاری بابل.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە کارنامەکەدا گفتوگۆ لەسەر بابەتی دیاردەی مرداربوونەوەی ماسی لە ڕووباری فورات لە پارێزگای بابل دەکرێت، کە هەریەکە لە وەزیری تەندروستی و ژینگە ئامادەی دەبن.

بەپێی کارنامەی دانیشتنەکەی سبەینێی ئەنجومەنی نوێنەران، بڕیارە سبەینێ لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمانی عێراق پێکبهێنرێن، کە یەکێک لە لیژنەکانیش دارایی دەبێت، تیایدا گفتوگۆ لەسەر پرۆژە یاسای بودجە دەکات.

رۆژی سێشەممە ٦ی تشرینی دووەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو تیایدا گفتوگۆ کرا لەسەر ڕەشنووسی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ و بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو گفتوگۆ لەسەر پرۆژە یاساکە بکرێت، هاوکات ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیش فەرمانیکرد بە پێکهێنانی لیژنەیەکی حکومی لەگەڵ پەرلەمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بودجەی ساڵی ٢٠١٩.



PM:05:27:07/11/2018