نێچیرڤان بارزانی ئامادەیی هەرێمی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەربڕی

نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، هه‌رێمی كوردستان ئامادەیە بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆكان لەگەڵ به‌غدا به ‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانى نێوانیان.

ماڵپەڕى حکومەتى هەرێم بڵاویکردەوە، نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ هنریك ڤان دیفێڵد باڵیۆزی به‌لجیكا بۆ عێراق و ئوردن ئاماژەى بەوەکردووە، کە ڕەوشى هەرێم لە ڕووى ئابورییەوە ڕووى لە باشبوون کردووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکى حکومەتى هەرێم پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی چۆنیه‌تیی ده‌ستپێكردنی كۆبوونه‌وه‌ و دیداره‌كان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێم خستووەتەڕوو.

لاى خۆیەوە، باڵیۆزی به‌لجیكا بۆ عێراق و ئوردن به ‌پێویستی زانیوە کورد به‌شدارییه‌كی به‌هێزی هەبێت لە حکومەتى نوێی عێراقدا و كێشه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا چاره‌سه‌ر بکرێت.



PM:03:35:08/11/2018