ئێران هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستانی لەسێدارەدرا

بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست هاوڵاتییەکی هەرێمی کوردستان لە زیندانی ناوەندیی شاری زەنجانی ئێران لەسێدارەدرا.

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، ڕۆژی سێشەممە (٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨) بەندکراوێکی خەڵکی هەولێر بە ناوی سۆران ڕەشید زاهیدی ناسراو بە سۆران هەولێری لە زیندانی ناوەندیی زەنجان لەسێدارە دراوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، سۆران ڕەشید تەمەنی ٣٣ ساڵ بووە و خەڵکی هەولێر بووە کە ماوەی سێ دەیەیە لە ئێران دەژی.

ڕونیشیکردووەتەوە، سۆران ڕەشید چوار ساڵ پێش ئێستا و بە تۆمەتی کوشتنی هاوکارێکی لە کارگەی چیمەنتۆی شاری زەنجان دەستبەسەرکراوە و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە.

ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ساڵانە زۆرترین کەس بە تۆمەتی جیاجیا تیایدا لەسێدارە دەدرێن و بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ،  لە ١٠ى تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧وە تا ١٠ى تشرینی یەکەمی ئەمساڵ سزاى لەسێدارەدان بەسەر ٨٠ هاووڵاتی کورد لە زیندانەکانى ئێران جێبەجێکراوە.



PM:05:59:12/11/2018